یەکێتی ئەوروپا 220 ملیۆن یۆرۆ دەداتە تورکیا

.
.

K24 – هەولێر

بە مەبەستی باشتر کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی تورکیا و رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی، یەکێتی ئەوروپا بڕی 220 ملیۆن یۆرۆ وەک پاڵپشتی دارایی بۆ تورکیا دابین دەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا، لەگەڵ ئەو پاکێجە 220 ملیۆن یۆرۆییەی کە پەسەندکراوە، پاڵپشتییە داراییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە پرۆگرامەکانی پەنابەران و ئیدارەی سنوورەکانی تورکیا لە ساڵی 2022دا گەیشتووەتە یەک ملیار و 200 ملیۆن دۆلار.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ئەم بڕە پارانە بەشێکن لە پاکێجێکی زیادە بە بڕی سێ ملیار یۆرۆ کە لە مانگی حوزەیرانی 2021دا لە چوارچێوەی یارمەتییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ماوەی 2021-2023 بۆ پەنابەران لە تورکیا راگەیەندراوە.

ئۆلیڤەر ڤارهێلی، ئەندامی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرس لە کاروباری دراوسێتی و فراوانبوون، لە رێگەی راگەیەندراوەکەوە گوتی: "ئەم پاکێجی هاوکارییە، پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا بە بەڵێنەکانی بە تورکیا لە بەرامبەر میوانداریکردنی پەنابەران و چارەسەرکردنی شاڵاوی کۆچی نایاسایی نیشان دەدات".

ڤارهێلی، جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت بەردەوامی بەو هەماهەنگییە بدات کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی کۆچ لە ئاداری ساڵی 2016 واژۆکراوە و رایگەیاند، لەگەڵ پاکێجی 220 ملیۆن یۆرۆ تورکیا بە مەبەستی رێگرتن لە کۆچی نایاسایی لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە، ئامێری چاودێریی خاوەن تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دابین دەکات.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، تورکیا وڵاتێکە لە ساڵی 2015وە میواندارێتی زۆرترین پەنابەری کردووە و نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەر لە تورکیادا هەیە.

باس لەوەشکراوە، یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2015وە نۆ ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری بۆ پەنابەران و ئەو کۆمەڵگە میواندارییانەی تورکیا پەسەند کردووە.

کۆی گشتی شەش ملیار یۆرۆ لەو هاوکارییانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی 18ی ئاداری 2016ی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا لە خۆدەگرێت و تاکو ئێستا چوار ملیار و 900 ملیۆن یۆرۆی دراوە.