محه‌ممه‌د خورشید: ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی رێكبكه‌ون فشاره‌كان له‌به‌غدا لاوازده‌بن
K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسی لقی سێی پارتی له كه‌ركووك رایده‌گه‌یه‌نێت، هۆكاری دواكه‌وتنی كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی، بۆ بڕیاره‌كانی تیمی یه‌كێتی له وه‌زاره‌ته‌كان و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌گه‌ڕێته‌وه. ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی رێكبكه‌ون، كاریگه‌ری بۆسه‌ر دۆخی ئابووری ده‌بێت و فشاره‌كانیش له‌به‌غدا لاوازده‌بن".
محه‌ممه‌د خورشید به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له كه‌ركووك، له میانه‌ی به‌شداریان له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، له دوا كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، بڕیاردرا له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان دابنیشین و گفتوگۆی دروست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ئه‌نجامبده‌ین.
به‌رپرسی لقی سێی پارتی ده‌شڵێت: "بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ، ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان، چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی یه‌كێتین، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌بن، دانیشتنه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ین".
له‌باره‌ی ته‌عریب و رێگریكردن له به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له رۆژی ئاڵا له شاری كه‌ركووك، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئاماژه به‌وه ده‌كات، له دوای خیانه‌تی گه‌وره‌ی 16ـی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان له كه‌ركووك رێگری لێكراوه، به‌ڵام پارتی هه‌میشه نه‌یهێشتووه كه‌ركووك بێ ئاڵا بێت، ئه‌مشه‌و له 100 شوێنی شاری كه‌ركووك ئاڵای كوردستان به‌رزكراوه‌ته‌وه.
له‌باره‌ی دۆخی شاری كه‌ركووك و په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌و شاره، دكتۆر محه‌ممه‌د خورشید ده‌ڵێت: هه‌ریه‌ك له سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتی له شاری كه‌ركووك دوو بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه، كه ئه‌مه گرفتی سه‌ره‌كی كێشه‌كانه، بۆ نموونه سه‌ركردایه‌تی پارتی له كه‌ركووك، سه‌ركردایه‌تی ئێستای یه‌كێتی له‌و شاره به خیانه‌تكار ده‌بینێ، بۆیه په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌ئاستی سفردایه، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌موو فشارێكی ته‌عریب و ئازاردانی كورد له كه‌ركووك به‌رده‌وامه، ده‌كرێت له دانیشتنه‌كان و گفتوگۆی نێوان پارتی و یه‌كێتی ئه‌مه چاره‌سه‌ربكرێت، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌و شاره راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بكرێته‌وه و پارێزگاریش دووباره بدرێته‌وه كورد و پارتی و یه‌كێتی بگه‌ن به لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه رێكبكه‌ون، كاریگه‌ری بۆسه‌ر دۆخی ئابووری ده‌بێت و له‌به‌غداش ئه‌و فشارانه‌ی كه له‌سه‌ر كورد دانراون، لاواز ده‌بن و بێگومان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌مه‌ی پێخۆشه، ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه لایه‌نی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی هه‌ن ده‌یانه‌وێت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان تێكبچێت".