سوپاسالاری عێراق گه‌یشته كه‌ركووك
K24 - هه‌ولێر:
سوپاسالاری عێراق بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی دوێنێی سنووری گوندی سەفرە لە نزیك زنجیرە چیای حەمرین گه‌یشته كه‌ركووك.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا، سوپاسالاری عێراق و قه‌یس خه‌له‌ف محه‌ممه‌داوی، جێگری به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق گه‌یشتنه پارێزگای كه‌ركووك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی دوێنێی سنووری گوندی سەفرە لە نزیك زنجیرە چیای حەمرین له سنووری كه‌ركووك.
به‌گوێره‌ی میدیاكانی عێراق، سه‌ردانه‌كه‌ی سوپاسالار و جێگری به‌رپرسی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له‌سه‌ر داوای محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بووه.
ئه‌م سه‌ردانه له كاتێكدایه، دوێنێ یه‌كشه‌ممه 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، لە نزیك گوندی سەفرەی سنوری شارەدێی رەشاد لە باشووری كەركووك لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانێكی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ بۆمبێكی چێندراو تەقییەوە و لەئاكامی تەقینەوەکدا نۆ پۆلیسی فیدراڵی گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیكەش برینداربوون.
سەرچاوەیەكیش لە پۆلیسی كەركووك بەكوردستان24ـی راگەیاند، دوای تەقینەوەی بۆمبەكە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەكدارانی داعش و هێزەكەی پۆلیسی فیدراڵ روویداوە و چەكدارێكی داعش كوژراوە.
سەرچاوەکە گوتیشی: "هێرشەكە لە سنووری گوندی سەفرە لە نزیك زنجیرە چیای حەمرین روویداوە".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، له‌رێگه‌ی سۆشیال میدیای تایبه‌ت به خۆیان، چه‌كدارانی داعش به‌رپرسیارێتی ته‌قینه‌وه‌كه‌یان له‌ئه‌ستۆگرت.
داعش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، له رێگه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمبی چێندراوه‌وه، پاشان رووبەڕووبوونەوە له رێگه‌ی چه‌ك و بۆمبی ده‌ستییه‌وه، چه‌كدارانیان هێرشیانكردووه‌ته سه‌ر كاروانێكی پۆلیسی فیدراڵی.