عه‌ممار حه‌كیم هۆشداری لە دۆخی عێراق ده‌دات

K24 – هەولێر

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، هۆشداری لە دۆخی ئەمنی عێراق دەدات و داوای گرتنەبەری رێوشوێنی توند دەکات.

عه‌ممار حه‌كیم، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی هۆشداری له‌پیلانێكی شه‌یتانی له‌دژی عێراقییه‌كان ده‌دات و داوا له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كات رێوشوێنی توند بگرنه‌به‌ر.

حه‌كیم راشیگەیاندووە، چه‌ند كاتژمێرێك به‌سه‌ر رووداوه‌ ئازاربه‌خشه‌كه‌ی قه‌زای حه‌ویجه‌ی كه‌ركووك تێنه‌په‌ڕیبوو و تیرۆری تاریكی كۆمه‌ڵكوژییه‌كی دیكه‌ی له‌ ده‌وره‌به‌ری گوندی "ئه‌لبوبالی" له‌ قه‌زای خاڵس ئه‌نجامدا‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل كوژران و برینداربوون.

سەرۆکی رەوتی حیکمە، دەشڵێت "دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە لە ناوچە جیاوازەکاندا رەنگدانەوەی پیلانێکی شەیتانییە و پێویستی بە وریایی زیاترە بۆ نەهێشتنی باندە تاوانکارییەکان".

ئەو گوتانەی عەممار حەکیم هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە عێراق، کە شەوی رابردوو (دووشه‌ممه‌ 19ـی كانونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، چه‌كدارانی داعش پەلاماری "ئه‌لبوبالی" سەر بە قەزای خاڵسی سنووری پارێزگای دیاله‌یان داوه‌ و لە ئەنجامدا هه‌شت كوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، لەلایەکی دیکە و هەمان رۆژ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار لە سنووری نێوان قەرەهەنجیر و كەركووك، هێرشیانكرده‌ سەر خاڵێكی سوپای عێراق و به‌هۆیه‌وه‌ چوار سه‌رباز كوژران.

پێشتر رۆژی یەكشه‌ممه‌ 18ـی كانوونی یه‌كه‌م، لە نزیك گوندی سەفرەی سنووری شارەدێی رەشاد لە باشووری كەركووك، لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانێكی هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ، بۆمبێكی چێندراو تەقییەوە و لەئاكامی تەقینەوەکدا نۆ پۆلیسی فیدراڵی گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیكەش برینداربوون.