مەکتەبی سیاسی یەکێتی: کار بۆ پاراستنی یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەکەین

K24 – هەولێر

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کار بۆ پاراستنی زیاتری یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکان دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە (31ـی کانوونی یەکەمی 2022) مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی 2023 لە خەڵکی کوردستان و عێراق کرد و رایگەیاند، "هیوادارین لە ساڵی نوێدا لە ئاست ئەو پێشهات و پرسانەی لە بەردەم هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەدایە، هەموو لایەکمان بتوانین بە لێکتێگەیشتن لە پێناوی بەرژەوەندی هەرێم و جەماوەرەکەماندا هەنگاوەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری برەو پێبدەین و زاڵ بین بەسەر هەر ئاستەنگ و کێشەیەکدا کە بەربەستن لە ئاست دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیردا".

ئاماژە بەوەشدراوە، "لە کوردستان و لە بەغدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی گەلەکەمان و مافە نەتەوەییەکانماندا، کار بۆ پاراستنی زیاتری یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکان دەکەین".

بەبۆنی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، ئەمشەو هاوشێوەی شارەکانی دیکەی جیهان، لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیان لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا کۆدەبنەوە بۆ ئاهەنگگێڕان، زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیش پەیامی پیرۆزباییان بڵاوکردووەتەوە و هیوایان خواستووە، ساڵی داهاتوو ببێتە هۆی باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد.