له‌باره‌ی سەرهەڵدانەوەی داعش گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا وه‌ڵامی کوردستان24 دەداتەوە

"یەکێتی ئەوروپا بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی تەرخانکرووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازادکراون"
له‌باره‌ی سەرهەڵدانەوەی داعش گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا وه‌ڵامی کوردستان24 دەداتەوە
له‌باره‌ی سەرهەڵدانەوەی داعش گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا وه‌ڵامی کوردستان24 دەداتەوە

K24 - برۆكسل/ بارزان حه‌سه‌ن:

له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، گوته‌بێژی یه‌كێتی ئه‌وروپا دڵنیایی ده‌داته‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ هاوكارییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.

ئەمڕۆ (سێشەممە 3ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، یەکەم رۆژی کرانەوەی دەرگای دامودەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا بوو لە برۆکسل، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەساڵی نوێدا، نەبیلە مەسرالی گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوەی ئه‌وروپا، وه‌ڵامی کوردستان24 دەداتەوە و رایگه‌یاند، ئەوان بەردەوامن لە ئەندامبوون لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەروەها بەرده‌وام دەبن لە هاوکاری ماددی و مەعنەوی بۆ تێکشکاندنی داعش لەعێراق و هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا ئاشکراشیكرد، یەکێتی ئەوروپا بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی تەرخانکرووە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو شوێنانەی لە دەستی داعش ئازادکراون.

بۆ ئاوەدانکردنەوە، کاری مرۆیی، ئاوارەکان، پەروەردە و رووبەرووبوونەوەی داعش، لەساڵی 2014 تاکو ئێستا، به‌ بڕی زیاتر لە یەک ملیار یۆرۆ، هاوکاری عێراق کراوە. 

لەماوەی رابردوودا یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندبوو، بۆ ساڵی 2023 بەبڕی 4 ملیۆن یۆرۆ هاوکاری عێراق دەکات، ئەم بڕە پارەیەش زیاتر بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانە بۆ چینی هەژار، کەمدرامەت و ئاوارەکان.