كریستیانۆ ته‌نیا به‌ 3 مه‌رج ده‌توانێت یاریی بۆ یانه‌ی نه‌سڕ بكات

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ ژووری جلگۆڕینی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌، 3 جه‌نیوه‌ری 2023
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ ژووری جلگۆڕینی یانه‌ی نه‌سڕی سعوودیه‌، 3 جه‌نیوه‌ری 2023

یانەی نەسڕی سعوودیه‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ لە گەڕی دوازدەی خولی نایابی ئەم وڵاتە رووبەڕووی یانەی تائی دەبێتەوە، ئەو یانەیە سێ رێگەی لە پێشە، بۆ ئەوەی بتوانن بۆ ئەم یارییە بەشداری بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگالی یانەکەیان بکەن.

شه‌وی رابردوو کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بەشێوەیەکی فەرمی وەکو یاریزانی نوێی یانەی نەسڕی سعوودیه‌ ناسێندرا، هاندەرانی ئەو یانەیە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ یەکەم دەرکەوتنی ئەو یاریزانە دەکەن، بەڵام چەند مەرجێک هەن، سەرەتا پێویستە یانەکەیان ئەم مەرجانە جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی بە دۆن بکەن.

مەرجی یەکەم ئەوەیە، یانەکە ئێستا خاوەنی نۆ یاریزانی پیشەگەرە، لە یاسای خولی سعوودیه‌ هاتووە، هەر یانەیەک نابێت ژمارەی یاریزانە پیشەگەرەکانی لە هەشت یاریزان زیاتر بێت، بۆیە سەرەتا بۆ ناونووس کردنی یاریزانە پۆرتوگالیەکە، دەبێت ناوی یاریزانێکی پیشەگەر لە لیستەکەیان دووربخەنەوە.

مەرجی دووەمی ئەو یانەیە ئەوەیە، دەبێت قەرزی یاریزانی بەڕازیلی پێشووی یانەکەیان جولیانۆ دی پاولا بدەنەوە و دواتر رەزامەندی فیفا بەدەست بێنن، چونکە ئەو یاریزانە بڕە پارەیەکی زۆری لای یانەی نەسڕ ماوە، بەم هۆیەوەش سکاڵای لە فیفا بەرامبەر ئەو قەرزانەی تۆمار کردووە.

سکاڵای ئەو یاریزانە بەڕازیلیە وایکردووە، فیفا رێگە بە یانە سعوودیەکە نەدات ناوی یاریزانە نوێیەکانی دەگوازنەوە ریزەکانیان تۆمار بکەن، بۆیە هەر کاتێک یاریزانەکە سكاڵای خۆی کشاندەوە، یاخود قەرزەکەی پێدرایەوە، فیفا دەتوانێت رێگە بە یانەکە بدات، ناوی کریستیانۆ تۆمار بکەن.

مەرجی سێیەم و کۆتاییش ئەوەیە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاتێک لە پرێمەرلیگ یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد دەکرد، لە یاریی بەرامبەر ئێڤەرتۆن هیرش دەکاتە سەر هاندەرێکی منداڵ، دواجار هاندەرەکەش سکاڵای لەسەر تۆمار کرد، بەم هۆیەوە ئەنجوومەنی پرێمەرلیگ بڕیاریداوە دۆن لە ساڵی نوێ بۆ دوو یاریی سڕ بکرێت.

ئەگەر بێت و ئەنجومەنی پرێمەرلیگ سوور بێت لەسەر ئەو سزایەی گۆڵکارەکەی پێشووی مان یونایتد، ئەو کات دۆن ناتوانێت لە دوو یاریی داهاتووی یانەی نەسڕ بەشداری بکات، مەگەر پرێمەرلیگ ئەو سزایەی هەڵپەسێرێت یاخود نەهێڵێت.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی ناساندنی وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سڕ. 3 جه‌نیوه‌ری 2023
كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ كاتی ناساندنی وه‌كو یاریزانی نوێی یانه‌ی نه‌سڕ. 3 جه‌نیوه‌ری 2023