نرخی فەرشی ئێرانی بەرزدەبێتەوە

K24 - هەولێر

بەھۆی دابەزینی بەهای تومەنی ئێرانی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی، نرخی فەرش لە ئێران بەڕادەیەك بەرزبووەتەوە، كە بەشێك لە ھاووڵاتییان توانای كڕینی فەرشیان نەماوە.

 ئێستا كۆگاكان لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان پڕن لە فەرش و كڕیاریان نەماوە، فرۆشیارێک دەڵێت: لە ماوەی یەك ساڵدا نرخی فەرش نزیكەی دوو ھێندە بەرزبووەتەوەو ئەوەش وایكردووە كە خەڵك نەتوانێت بیكرێت.

یوسف پارسا، فەرش فرۆشە لە شاری شنۆی رۆژھەڵاتی كوردستان بە کوردستان24ی گوت: "بەهۆی هەڵبەز و دابەزی دۆلار و گەمارۆی ئابووری سەر ئێران، نرخی فەرش بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر گرانە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر بازاڕ".

دابەزینی بەھای تومەن لە بەرامبەر دۆلار، گرانبوونی كەرەستەی خاوی دروستكردنی فەرش و دابەزینی توانای كڕین، وایكردووە كە لە ماوەی یەك ساڵدا نرخی فەرش لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان نزیكەی دوو ھێندە بەرز بێتەوە، ھاوكات بەھۆی گەمارۆكانیش رێژەی ھەناردەكردنی فەرش لە ئێران بۆ وڵاتانی دیكەش دابەزیوە، ئێستا فەرشێكی زۆر لەسەر دەستی دوكان و كارگەكاندا ماوەتەوە.

فەرش یەكێكە لەو كاڵایانەیە كە لە چەند دەیەی رابردوودا وەكوو براندی ئێران لە بازارەكانی جیھان ناسراوە، ساڵانە بە بەهای نزیكەی دوو ملیار دۆلاریان بۆ ئەوروپا و ئەمەریكا ھەناردە كردووە، بەڵام ئێستا بەھۆی گرانی كڕیاری ناوخۆی وەكو جاران نەماوەو لە بازاڕەكانی جیھانیشدا پێشوازییەكی كەمتری لێدەكرێت.