سەربەست لەزگین: هەوڵدەدەین کۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت

"لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زەمینەسازی بۆ ئەو کارە دەکەین"
سەربەست لەزگین
سەربەست لەزگین

K24 – هەولێر

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، "پارتی هەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کۆتایی ئەمساڵدا بکرێت، لەگەڵ هەموو لایەنەکان و بەتایبەت یەکێتی نیشتمانیی کوردستان زەمینەسازی بۆ ئەو کارە دەکەین".

سەربەست لەزگین، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناو حکومەت کە پارتی و یەکێتی داوایانکردووە، گوتی: بریارە بەمنزیکانە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکان کۆببێتەوە.

هەروەها سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوای پارتی و یەکێتی ئاشکرایکرد، لە "داهاتوویەکی نزیکدا" هەر دوو لایەن کۆدەبنەوە.

گۆڕانکارییەکان

لە دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بڕیاریدا ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی کە پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیان هەیە، دەست لەکاربکێشنەوە. بەو پێیە هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کارەباری ئایینی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و زاگرۆس فەتاح کەمال بریکاری وەزارەتی پلاندانان، دەبێت دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و جێگرەوەیان بۆ دیار بکرێت.

هەروەها یەکێتی بەنیازە لەجێی شۆڕش ئیسماعیل، رێباز بێرکۆتی بکاتە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسکەری لە جێی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کارباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دابنێت.