دلاوه‌ر ئاژگه‌یی: داوامانكرد وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌رده‌وامبن له پشتیوانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه
K24 – برۆكسل:
نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی ئه‌وروپا جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی به‌رده‌وامبوونی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد له راهێنان و پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه به‌هۆی به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له ناوچه‌كه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (12ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، دلاوه‌ر ئاژگه‌یی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له یه‌كێتی ئه‌وروپا، دوای كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی باڵیۆزی عێراق له یه‌كێتی ئه‌وروپا و نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا تایبه‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، جه‌ختمان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی ئه‌وروپا كرده‌وه.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و فیدراڵی، دلاوه‌ر ئاژگه‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دیدگا و بۆچوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان سه‌باره‌ت به كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا روونكرده‌وه كه حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور سه‌رجه‌م كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا چاره‌سه‌ربكرێن.
دلاوه‌ر ئاژگه‌یی باسی له‌وه‌شكرد، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بۆ نوێنه‌رانی یه‌كێتی ئه‌وروپا باسیان له به‌رده‌وامی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له هه‌رێمی كوردستان و عێراق كردووه و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی به‌رده‌وامی وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له پشتیوانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه له‌ڕووی راهێنانی سه‌ربازی و دابینكردنی چه‌ك و پێداوستی سه‌ربازی كردووه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ستایشی رۆڵی باڵیۆزی عێراق له یه‌كێتی ئه‌وروپا كرد كه كوردێكی هه‌رێمی كوردستانه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا تایبه‌ت به په‌وه‌ندییه‌كانیان به عێراق، ئاماژه‌ی به ئارامی و سه‌قامگیری دۆخی هه‌رێمی كوردستان كردووه و پێكه‌وه هه‌ماهه‌نگن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان.