توركیا و ئێران: هاوڕاین له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا
K24 – هه‌ولێر:
له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و ئێران له ئه‌نقه‌ره جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (17ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا، مه‌ولود چاوشئۆغلۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئاماژه‌یان به ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد كه تایبه‌ت بوو به چه‌ند پرسێكی به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و ناوچه‌كه.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، سزاکانی سەر ئێران قبووڵکراو نین، هه‌رچه‌نده بەهۆی سزاکانه‌وه ناتوانین نەوت له ئێران بکڕین به‌ڵام له بواری گاز پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران ماوه و لەم زستانەدا هەناردەی گاز له ئێرانەوه بۆ تورکیا کەمبووەتەوه.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و تاران، چاوش‌ئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هەفتانه زیاتر له 200 گەشتی ئاسمانی له نێوان تورکیا و ئێران هەیه و ساڵانه زیاتر له دوو ملیۆن گەشتیار له نێوان هه‌ردوو وڵات هاتووچۆ دەکەن.
له‌باره‌ی پرسی په‌كه‌كه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا روونیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ تاران له پرسه ناوچەییەکان هاوڕاین و بەداخەوه له سنووری ئێرانیش پەکەکه هەیه به‌ڵام پێویسته کورد و پەکەکه لەیەک جیابکەینەوه.
هه‌روه‌ها چاوش‌ئۆغڵو باسی له‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا باسمان له دۆخی عێراق و سووریا کرد و هەردوولا هاوڕابووین لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا و له داهاتوودا لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوه لەگەڵ سووریا کۆدەبینەوه.
له‌باره‌ی عێراقیشه‌وه، چاوش‌ئۆغڵو گوتی، "سەقامگیریی عێراق بۆ تورکیا و ئێران گرنگه و هەر کێشەیەک له عێراق و ئێران و سووریا هەبن کێشەی ئێمەشه".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویست به دەستوەردانی رۆژئاوا له عێراق و سووریا ناکات و بۆ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌مان هه‌ڵوێستمان هه‌یه و به‌ڕوونی رامانگه‌یاندووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌یانه‌وه رایگه‌یاند، پێداگریمان لەسەر جێبەجێکردنی هاوکاری ستراتیژی نێوان ئێران و تورکیا کرد و له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی تورکیا دەکات.
هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران روونیكرده‌وه، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا باسمان له بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد له ناوچه‌كه و له پرسه ناوچه‌ییه‌كاندا له زۆر بابه‌تدا هاوڕابووین و باسمان له ئاڵوگۆڕی تاوانباران له‌نێوان هه‌ر تورکیا کرد.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و تاران، عەبدوڵڵاهیان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، له داهاتوویه‌کی نزیکدا سێ بازاڕی سنووری لەگەڵ تورکیا دەکەنەوه.
هاوكات وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران پێشوازی له به‌ره‌وپێشچوونی پەیوەندییه‌كانی نێوان سووریا و تورکیا كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌و هه‌نگاوه له بەرژەوەندی ناوچەکەیه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران جارێكی دیكه تۆمەتەکانی دژ به وڵاته‌كه‌ی له پرسی جه‌نگی ئۆکرانیا رەتكرده‌وه.