لەتیف رەشید: پێویستە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کۆتایی پێبێت

.
.

K24 - هەولێر:

لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێشوازی لە ئێلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق کرد و لەو دیدارەدا سەرۆک کۆمار باسی لەوەکرد، پێویستە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کۆتایی پێبێت.

سەبارەت به جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆک کۆماری عێراق جەختی کردەوە لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنەوەی دانووستەنەکان.

بە گوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆمار، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا لەتیف رەشید باسی لەوەکرد، کە دۆخی ئەمنی عێراق باشتر بووە لەوەی لە رابردوودا هەبووە.

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند، بەسرە بە سەرکەوتوویی میوانداری جامی کەنداو – 25ـی کرد، ئەمەش ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە شتەکان بەپێی پلان دەڕۆن.

لە بەرانبەردا باڵیۆزی رووسیا خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات نوێکردەوە، هەروەها دوایین پێشهاتەکانیش سەبارەت بە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا خستەڕوو.