ئەندامێکی سوپای پاسداران لە قەندیل گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر:

فەرماندەی لیوای 48ی فەتح لە پارێزگای (کوهگیلویە و بۆیر ئەحمەد)، گیانلەدەستدانی بەسیجێکی خەڵکی ئەو پارێزگایەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیاند، کە بەهۆی سەرماوە گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، حەسەن حیکمەتیان، فەرماندەی لیوای 48ی فەتح، ناسنامەی ئەو بەسیجە ئێرانییەی ئاشکراکرد، کە ناوی "داوود جەوادانیان" و خەڵکی گوندی "کات"ـە کە سەربە پارێزگای (کوهگیلویە و بۆیر ئەحمەد)ـە.

حەسەن حیکمەتیان رایگەیاند، داوود جەوادانیان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو بەهۆی سەرما و سەهۆڵبەنداوە گیانی لەدەستداوە.

هەرچەندە سوپای پاسداران ئاماژەیان بە شوێنی وردی ئەم رووداوە نەکردووە، بەڵام فەرماندەی لیواکە، لە قسەکانیدا باسی لە شارەکانی میراوێ و ورمێ کردووە.

شاری میراوێ، دەکەوێتە نێوان پیرانشار و سەردەشت لە رۆهەژهەڵاتی بناری قەندیل.

هێزەکانی بەسیج لە ئێران لەژێر فەرماندەیی سوپای پاسداراندان و لەگەڵیان بەشداری لە ئەرکە سەربازییەکاندا دەکەن.