ئامانجی به‌شداریكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ لوتكه‌ی جیهانی حكومه‌ته‌كان له‌ دوبه‌ی ده‌خرێته‌ڕوو

K24 - هەولێر:

یەکێک لەو تەوەرە سەرەکییانەی لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکاندا گرنگی پێدەدرێت، بابەتی بە ئەلیکترۆنی کردنی دامەزراوە و حکومەتەکانە و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی گرنگییەکی زۆری بەم بابەتە داوە. 

له‌باره‌ی ئامانجی به‌شداریكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان له‌ دوبه‌ی، هیوا فه‌ندی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، شانشینی یه‌كگرتووی ئیمارات یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ نزیكه‌ی 50 ساڵه‌ له‌ سفره‌وه به‌ره‌و پێشكه‌وتووترین وڵاتی جیهان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیاوه‌‌ هه‌ڵكشاوه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "ئیمارات خاوه‌نی ئه‌زموونێكی گه‌وره‌ی حكومه‌تی ئه‌لیكترۆنی و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتینه‌".

هیوا فه‌ندی راشیگه‌یاند، ئامانجه‌كانی دیكه‌ی به‌شداریكردنی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌م لوتكه‌یه‌، كردنه‌وه‌ی ده‌رگاكانی بازاڕی به‌رهه‌مه‌كانی كشتوكاڵییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی كه‌رتی گه‌شتیاری و كاراكردنی كه‌رتی وزه‌یه‌، جیا له‌وه‌ش په‌ره‌پێدان و به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی سیسته‌می بانكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حكومى گه‌یشته‌ ئیمارات  بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان کە لە شاری دوبەی لە رۆژانی 13-15 فێبریوەری (شوبات)  بەڕێوەدەچێت.

سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی لوتکەکەدا، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و دەسەڵاتداران و بیرمەندان و خاوەنکارانی عەرەبی و هەرێمی و جیهانی دەبێت.

لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان، ساڵانە لـە دوبەی ئەنجام دەدرێت و ئەمساڵ زیاتر لە 20 سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و 250 وەزیر و هەزاران بەرپرسی حکومی تێیدا بەشدار دەبن.