چین: باڵۆنەکانی ئەمەریکا لە ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 10 جار ئاسمانی ئێمەیان بەزاندووە

K24 - هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، باڵۆنەکانی ئەمەریکا لە 2022ـەوە 10 جار بە نایاسایی ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە.

وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە نوێترین لێدوانیدا داوا لە ئەمەریکا دەکات لەبری ئەوەی کار لەسەر ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردنی چین بکات، بەخۆیدا بچێتەوە و ئاراستەی بیرکردنەوەی بگۆڕێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین باسی لەوەشکرد، کە لە ساڵی رابردووەوە، باڵۆنەکانی ئەمەریکا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، زیاتر لە 10 جار ئاسمانی چینیان بەزاندووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دوای ئاشکرابوونی باڵۆنێکی "هەواڵگری" چینی لە ئاسمانی ئەمەریکادا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

هەرچەندە حکومەتی چین رایگەیاندبوو، کە باڵۆنەکە تایبەتە بە کاری کەشوهەوا و بە هەڵە چووەتە ئاسمانی ئەمەریکاوە، بەڵام رۆژی 4ـی شوباتی 2023، وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا باڵۆنە "سیخورییەکەی" چینی لە کەناراوەکانی کارۆلینای باشوور خستەخوارەوە.