ئه‌مڕۆ رۆژی جیهانی زمانی دایكه‌

K24 - واشنتن:

لە راستیدا، هاتنە گۆڕێی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە بنەڕەتدا کردەوەیەکی شوناسخوازانە بوو کە لەگەڵ دەربڕینی ناڕزایەتییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی قوتابی و خوێندکارانی زانکۆکانی بنگلادیش لە ساڵی 1952ـی زایینی دەستی پێکرد و لە دایک بوو.

کاتێک کە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی "بەنگاڵی" بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لەسەر سەپاندنی زمانی "ئوردوو" وەک زمانی فەرمیی لە بەنگلادیش (پاکستانی خۆرهەڵاتی ئەوکات) لەلایەن دەوڵەتی پاکستانەوە، لە دەوروبەری "داکا" و لەلایەن هێزە نیزامییەکانی دەوڵەتی ئەودەمی پاکستان، درانە بەر دەستڕێژی گولــلــه‌ و لە ئاکامدا ژمارەیەک لە خوێندکارانی شوناسخواز و عەوداڵی یەکسانی؛ کوژران و بریندار بوون.

لەو سەردەمەدا، خوێندکارانی ناڕازی بە مەبەستی بە فەرمی ناسینی زمانی دایکیی خەڵکی وڵاتەکەیان واتە "نگڵا" یا “بەنگاڵی"، دەستیان بە خۆپیشاندانی بەرین کرد. لەبەر ئەوەی زمانی فەرمی کەلە خوێندنگا و زانکۆکانی بەنگڵاش دەگوترایەوە، زمانی پاکستانیی "ئوردوو" بوو. درێژەی خۆپیشاندانە گەورە و بەرینەکانی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی "داکا" لە رۆژانی 21 و 22ـی فێورییەی ساڵی 1952ـی زایینی روویدا.

هێزەکانی دەوڵەتی پاکستان لە ئاکامی تەقە کردنێکدا لە خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ، ژمارەیەک لەوان و هەر یەک لە "مامۆستا عەبوو ئەلبەرەکەت'' مامۆستای زانکۆ، "رەفیعەدین ئەحمەد"، خوێندکار و "شوفێر رەحمان" کارمەندی باڵایی دەزگای دادی بەنگلادشیان کوشت و هێزە نیزامییەکانی پاکستان هەموو هەوڵی خۆیان خستەگەڕ هەتا خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ دەست لە خواستە مرۆییه‌كانی خۆیان هەڵبگرن، بەڵام خەبات و خۆڕاگری قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆکان و چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی بەنگلادش و پێداگرییان لەسەر به‌دیهاتنی خواستەکانیان، بووە هۆکاری سەر لە نوێ بە فەرمیی ناسینەوەی زمانی "بەنگالی" لە ساڵی 1956ـی زایینیدا. درێژە پێدانی خەباتی خەڵک و چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی بەنگلادش، وای کرد کە ئەو وڵاتە لە ساڵی 1971دا، بە یەکجاری جیابوونەوەی خۆی لە پاکستان راگەیاند و سەربەخۆیی بە دەست هێنا.

پاش بە دەستهێنانی سەربەخۆیی بەنگلادش، رێوڕەسمی رۆژی نەتەوەیی زمانی دایک، هەموو ساڵێک لەم وڵاتەدا و لە رۆژی ٢١ی فێورییە بە شێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە دەچوو، کە لەودا لە خەباتی خەڵک بۆ سەربەخۆیی و پارێزگاری و هەوڵدانی بێ پسانەوەی خوێندکاران و مامۆستایان بۆ پاراستنی شوناس و زمانی دایکی، رێز دەگیردرا.

دواتر، وڵاتی "بەنگلادش" داوای لە "یۆنسکۆ" رێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەتا رۆژی ٢١ی فێورییە وەک رۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی بە فەڕمیی بناسێت.

سەرئەنجام پێشنیاری وڵاتی بنگڵادش بۆ راگەیاندنی رۆژی 21ی فێبرێوه‌ری وەک رۆژی جیهانیی زمانی دایکی، لە 17ـی نۆڤامبری ساڵی 1999ـی زایینیدا پەسه‌ند کرا و 188 وڵاتی ئەندامی یۆنسکۆ دەنگی ئەرێنییان پێدا.

لەو کاتەوەو دوای ئەو رووداوە، بۆ یەکەم جار رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە مانگی فێورییەی ساڵی 2000ـی زایینی لە پاریس و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان، زمانناسان و سەرۆکی ئەو کاتی یۆنسکۆ، بەڕێوە چوو.

بە بۆچوونی شارەزایان، بوونی مەترسی بۆ لە نێو چوونی زمانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ لە نێوچوونی قەوم و خێڵە بچووکەکان کە ئەوەش بە هۆکاری لە نێوچوونی سروشت و ژینگەکانیانە. یان کۆچپێکردنی ئەوان بۆ قەراخ شارە گەورەکان و شوێنگەلی دوور لە زێدی خۆیان و مەڵبەندی نه‌ته‌وه‌ییان، بە یەکێک لە هەڕەشەکان بۆ فەوتان و سڕینەوەی زمانی دایک بە ئەژمار دێت.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و بەپێی پرۆسەیەکی مێژوویی، زۆر لە عەشیرەکانی دارستاننشین، زمان و شوناسی نه‌ته‌وه‌ییان لەدەست داوە. شەڕی نێوخۆیی و کۆچی بەربڵاوی نەتەوە بن دەستەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ، یه‌كێكی دیكه‌ لە هۆکارەکانی لەنێوچوونی زمانی دایکییە.

لە ئێستادا و بەهۆی گۆڕانکارییەک کەلە بنچینەی نەریتی ژیانی مرۆڤدا روویداوە، گۆڕەپانی ژیان بۆ تاقم و گرووپە بچووکەکان به‌رته‌سكتر بووه‌تەوە و هەر ئەوەش بووه‌تە هۆی پەرەپێدان و زاڵبوونی چەند زمانێک لە نێوان زۆرینەی کۆمەڵگای جیهانیدا.

ئەو زمانانەی قسەیان پێ دەکەن و ژمارەکەیان بە پتر لە 1200 زمان مەزندە دەکرێت، زیاتر هەڕەشەی لە نێوچوونیان لەسەرە. بەشێکی بەرچاو لەم زمانانە تایبەت بە خەڵکی قارەی ئەفریقایە کە بە دوو هەزار زمان قسەیان پی دەکرێت.

بە گوێرەی مەزندەی یۆنسکۆ، لە کۆی شه‌ش هه‌زار زمان کەلە جیهاندا قسەیان پێ دەکرێت، زیاتر لە سێ هەزار دانەیان لە حاڵی لە نێوچوون دان. ئەم زمانانە لە ئێستادا لەلایەن گرووپی بچووکەوە بە کار دەبردرێن و  تاوه‌كو رادەیەک هیچکام لەوانە شانسی مانەوەیان نییە. 96%ـی سه‌رجه‌م زمانەکان، بە تەنیا لە نێوان چوار لە سەدی حەشیمەتی جیهان  بەکار دەبردرێن، یان برەویان هەیە. بۆ وێنە لە دوورگەی پاپۆئاگینە هەڵکەوتوو لە ئەقیانووسی ئارام، زیاتر لە 800 زمان بوونی هەیە کە هێندێک لەوانە تایبەت بە گرووپێکی که‌متر لە 200 کەسین، ژمارەی سەرجەم دانیشتووانی ئەم دوورگانە کەمتر لە حەوت ملیۆن کەسە.

به‌گوێره‌ی تێگەیشتنی رێکخراوی یۆنسکۆ، پێویستە هەوڵبدرێت هەتا ئەو زمانانەی کە بە زۆری کەڵکیان لێ وەرناگیردرێت، لەتەنیشت زمانگەلێک کە زیاتر بە کاردەبردرێن، کەڵکیان لێ وەربگیردرێت هەتا بەم چەشنە شانسی زیندوو مانەوەیان هەبێت. هەوڵگەلێکی لەو چەشنە بە سەرنجدان بە رۆڵی زمان لە وێناکردنی کەسایەتیی تاک و شوناسی کولتووریی نەتەوەکان، دەتوانێ کولتووری جیهانی زەنوێر و رازاوەتر بکات.

کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بایەخی زۆری زمانی دایکەوە، ساڵی 2008ـی بە ساڵی جیهانی زمانەکان ناوزەت کرد. ئەم رۆژە لە رۆژمێری فەرمیی کۆماری ئیسلامیدا سڕاوەتەوە. جێگای سەرنجە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە ئەندامانی واژۆکەری بە فەرمی ناسینی رۆژی 21ـی فێورییە لە رێکەوتی 17ـی نۆڤامبری 1999ـی زایینی لە یۆنسکۆیە کە بەپێی ئەو بڕیارە، 188 ئەندام دەنگی ئەرێنییان بەو داواکارییە دا.

بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی رێژیمی ئێران "کەڵک وەرگرتن لە زمانەکانی نێوچەیی و قەومی لە میدیا و بڵاوکراوەکان و خوێندنی ئەو زمانانە لە قوتابخانەکان" لە تەنیشت زمانی فارسی وەک زمانی فەرمیی بە رەوا دەزانێت. لێ ئەم مافە یاسایی و مرۆییه‌ هەرگیز لە کردەوەدا نەخراوەتە خانەی جێبەجێ کردن و تاوه‌كو ئێستا کاری پێ نەکراوە.


سه‌رچاوه‌: ماڵپەری یۆنسکۆ