ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی پاره‌ی گه‌نمی ساڵی 2015ـی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان كرا

كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی وه‌زیری بازرگانی
كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی وه‌زیری بازرگانی

K24 - هه‌ولێر:

كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی گه‌نمی ساڵی 2015ـی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد و له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ سنووری پارێزگای سلێمانیش ده‌ستپێده‌كات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (27ـی شوبات/فێبرێوره‌ی 2023)، كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی ساڵی 2015ـی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد. گوتیشی، "دوایی ته‌واوبوونی پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی ساڵی 2015، ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی چه‌ك (بڕه‌ پاره‌ی) ساڵی 2016ـی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت."

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی جووتیارانی سنووری پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی، وه‌زیری بازرگانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی پاره‌كه‌ به‌سه‌ر جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆكدا ده‌ستیپێكردووه‌ و پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌. له‌باره‌ی پارێزگای سلێمانیش، ناوبراو رایگه‌یاند، چه‌ند رێكاری كارگێری ماون و له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ش پاره‌كه‌ دابه‌شده‌كرێت.

كه‌مال موسلیم روونیشیكرده‌وه‌، پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی چه‌كه‌كان به‌رده‌وامده‌بێت به‌پێی توانای ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی پاره‌كه‌ تێیاندا دابه‌شده‌كرێت و هه‌موو ئه‌و جووتیارانه‌ی گه‌نمیان راده‌ست كردووه‌، پاره‌كانیان پێده‌درێت و مافیان ناخورێت.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌، نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگەیاند، بڕی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2015، 139 ملیـار و 787 ملیۆن دینارە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵی 2015 لە سنووری پارێزگای هەولێر 60 ملیار و 569 ملیۆن و 748 هەزار دینارە، لە سلێمانی 44 ملیار و 129 ملیۆن و 404 هەزار دینار و لە دهۆكیش 34 ملیار و 987 ملیۆن و 911 هەزار دیناره‌.