گەر مایکرۆسۆفت نەتوانێت ئاکتیڤژن بکڕێت، ئێکسبۆکس دەهێڵێتەوە یان دەیفرۆشێت؟

K24 - ‌هەولێر:

فیل سپێنسەر سەرۆکی ئێکسبۆکس و بەشی گەیمینگ لە مایکرۆسۆفت دەڵێت گەر نەیانتوانی ئاکتیڤژن بە 69 ملیار دۆلار بکڕن، ئێکسبۆکس هەر دەمێنێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی نوێی لەگەڵ وێبسایەتی The Times فیل سپێنسەر سەرۆکی ئێکسبۆکس دەڵێت کڕینی کۆمپانیای ئاکتیڤژن بڵیزارد بۆ ئێمە زۆر گرینگە، پێمان وایە داهاتووێکی باش بۆ بڕاندی ئێکسبۆکس دروستدەکات.

"گەر نەمانتوانی ئاکتیڤژن بلیزارد بە 69 ملیار دۆلار بکڕین، ئێکسبۆکس هەر دەمێنێت" ئەمە وەڵامی سپێنسەرە گەر بێت حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکا رێگەیاند بە مایکرۆسۆفت نەدا کۆمپانیای ئاکتیڤژن بکڕنەوە.

پار ساڵ مایکرۆسۆفت رایگەیاند هەڵدەستن بە کڕینی کۆمپانیای ئاکتیڤژن بلیزارد، دروستکەری یارییەکانی وەکو Call of Duty و Candy Crush چەندین یاری دیکەی بەناوبانگ بە بڕی 69 ملیار دۆلار، گەورەترین کڕین و فرۆشتنی کۆمپانیاکان لە مێژووی تەکنەلۆژیا و دووەم گەورەترین کڕین و فرۆشترینی کۆمپانیاکان لە مێژووی جیهاندا، لەدوای کڕینی کۆمپانیای 20th Century Fox دێت لەلایەن Disney بە بڕی 71.3 ملیار دۆلار.

مایکرۆسۆفت لەماوەی 20 ساڵی رابردوو لە پلەی سێیەم و چوارەم دێت لە بواری ڤیدیۆ یارییەکان، وەکو فرۆشی یاری و فرۆشی کۆنسڵ، کۆمپانیا ژاپۆنییەکانی وەکو Playstation  و Nintendo لە پێش ئێكسبۆکس دێن لە رووی ئامارەکان.

بەڵام مایکرۆسۆفت دەیەوێت بە کڕینی کۆمپانیای جیاواز وەکو Bethesda بە 7 ملیار دۆلار و ئاکتیڤژن بلیزارد بە 69 ملیار دۆلار بتوانێت بەپێش Sony PlayStation و Nintendo بکەوێتەوە لە داگیرکردنی بازاڕی یارییەکان.

سۆنی دژایەتییەکی ئاشکرای ئەو کڕینەی مایکرۆسۆفت دەکات بۆ ئاکتیڤژن، سۆنی بە حکومەتەکانی ئەوروپا و ئەمریکای وتووە، گەر رێگە بە مایکرۆسۆفت بدەن ئەو کڕینە ئەنجام بدات، قۆرخکارییەکی گەورە لە بازاڕی تەکنەلۆژیا دەکات، بۆیەش تا ئێستا کە نزیکەی ساڵێک زیاترە مایکرۆسۆفت نەیتوانیوە نە ئەمریکا نە ئەوروپا رازی بکات رێگەی پێ بدەن ئەو کڕینە ئەنجام بدات، وە ئێستا لە دادگان بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکە لە دژی سۆنی و هەر لایەنێکی کە رێگری لەو کڕین و فرۆشتنە دەکەن.