تورکمانەکانی کەرکووک داوای پۆستی پارێزگار دەکەن

پارتی: پۆستەکانی کەرکووک دەبێت بە رێککەوتن یەکلایبکرێنەوە

K24 - هەولێر

بڕیاربوو لیژنەیەک بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگارە بە وەکالەتەکانی عێراق پێکبهێندرێت بە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشەوە، بەڵام تائێستا ئەو لیژنەیە دەستبەکار نەبووە، لە ئێستادا تورکمانەکانی کەرکووک لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە داوایان کردووە، ئەگەر پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێت، ئەو پۆستە بدرێت بە تورکمان.

چەندین ساڵە نەتوانراوە بەربەستەکانی بەردەم پۆستی پارێزگاری کەرکووک لاببرێن. حکومەتی نوێی عێراق بڕیاری دابوو لە رێگەی لیژنەیەکەوە ئەو پۆستانە یەکلایی بکاتەوە کە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەڵام تائێستا هەنگاوێک بەو ئاراستەیەدا نەنراوە و گفتوگۆگان لە چوارچێوەی بازنەیەکی داخراودا ماونەتەوە و هیچ رێککەوتنێکیش نەکراوە. 

یەكێتی داوای دەستبەکاربوونی لیژنەی دابەشکردنی پۆستەکان دەکات و دەیانەوێت ئەو پۆستانە وەربگرنەوە کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە لێیان وەرگیراوەنەتەوە، بە پۆستی پارێزگاری کەرکووکیشەوە.

سەباح حەبیب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "پۆستی پارێزگار پۆستی یەکێتییە، بەڵام دەبێت بە رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کەسێک دابنێین".

پارتی دیموکراتی کوردستان، قسەی دیکەی هەیە و دەڵێن، یەکێتی مافی خۆی لە حکومەتی نوێی عێراق وەرگرتووە، ئەو پۆستانەشی کە ماون دەبێت بە رێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان یەکلا بکرێنەوە.

نەجوە حەمید، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە داوای دابەشکردنی پۆستەکان دەکەین، بەپێی رێککەوتن و پێمانوایە یەکێتیش مافی خۆی لە پۆستەکان وەرگرتووە".

تورکمانیش لە رێگەی یاداشتێکەوە داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، ئەگەر پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکدا بکرێت، دەبێت ئەو پۆستە بدرێت بە تورکمان ئەم داوایەشیان لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی پێکهاتەکانی کەرکووک لە بەغدا پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە.

ماردین قایا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی دەڵێ: "بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەیەکمان کرد لە بەغدا کە نوێنەری پێکهاتەکانی کەرکووکی تێدابوو، ئێمە داوامانکرد ئەگەر گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاردا بکرێت، ئەوا پێکهاتەی تورکمانی شایستەی وەرگرتنی ئەو پۆستەیە".

بەپێی کارنامەی حکومەتی فیدراڵی، یەکلای کردنەوەی پۆستە بە وەکالەتەکان، پێویستی بە شەش مانگ هەیە، بەڵام نزیکەی چوار مانگ بەسەر کابینەی حکومەتدا تێپەڕیوە و ئاسۆی چارەسەری ئەم کێشانەش بە نادیاری ماوەتەوە.