توركیا هه‌نارده‌كردنی ته‌ماته‌ی سنوورداركرد

K24 – هه‌ولێر:

بوومەلەرزەکەی شەشی شوبات، کاریگەری لە سەر کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەت تەماتە داناوە و بە رێژەیەکی بەرچاو نرخەکەی بەرزبوەتەوە، هەربۆیە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا هەناردەکردنی تەماتەی بۆ وڵاتانی دەرەوە تا 14 نیسان سنووردارکردووە.

راوەستانی كاركردن له‌ کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی تەماتە  لەو پارێزگایانەی بوومەلەرزەکە لێیداون کاریگەری لەسەر سەرجەم پارێزگاکانی دیکە داناوە، ئەوەش بوو بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیاش بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی دابینکردنی خۆراک و سەقامگیری نرخ، هەناردەکردنی تەماتەی تا 14ی نیسانی 2023 سنووردار کرد.

هەڵاوسانی ئابووری و زیانی بوومەلەرزەکە بە کێڵگەکان  و ئاوارەبوونی هاووڵاتییان بۆ پارێزگاکانی دیکەی تورکیا و سنووردارکردنی هەناردەکردن بۆ ماوەی نزیکەی 40-45 رۆژ، ئەگەری ئەوەی هەیە زیانێکی زۆر بە کەرتی هەناردەکردنی تورکیا بگەیەنێت و داهاتی جووتیارەکانیش کەمبێتەوە.

بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی مانگی رابردووەوە زیانێکی گەوری ئابووری بەر تورکیا کەوتووە، کە بە سەرووی 80 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

بوومەلەرزەکە 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند و نزیکەی 50 هەزار کەس گیانیان لە دەستدا و بەشێکی بەرچاوی کێڵگەکانی کشتوکاڵیش لەناوچوون و هاووڵاتییانیش بەناچاری کۆچیان بەرەو پارێزگاکانی دیکەی تورکیا كردووه‌.