راوێژکارێکی سوودانی: 30 پڕۆژە بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێدەکرێت

کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لە عێراق
کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لە عێراق

K24 – هەولێر:

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگە و کەشوهەوا، رایدەگەیەنێت، بۆ کەمکردنەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق، ژمارەیەک پڕۆژە ئەنجامدەدرێت.

عەلی ئەللامی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگەو کەشوهەوا، رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی گوتارەکەی کە لە کۆنگرەی کەشوهەوای بەسرە پێشکەشی کرد، جەختی لە پراتیکەکردنی بەرنامە حکومییەکەی تایبەت بە پرسی ژینگە کردەوە.

هەروەها ئەللامی روونیشیکردەوە، ئەمە سەرەتایەکی نوێیە بۆ کارکردنی حکومەتی عێراق لە بوارەکانی ژینگە و کەشوهەوادا.

جەختی لەوەشکردەوە، کۆنگرەی کەشوهەوای بەسرە، هەنگاوێک بوو بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی کۆمەکبەخش، بۆ ئەوەی یارمەتی عێراق لە بوارەکانی ژینگەو کەشوهەوا بدەن.

راوێژکاری سەرۆ وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژینگەو کەشوهەوا باسی لەوەشکرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەدواداچوون بۆ ئەو پڕۆژانە دەکات، کە حکوومەت بە کەمکردنەوەی کاریگەریی و زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاندووە، کە لە بوودجەی ساڵی 2023 جێی بۆ کراوەتەوە، ژمارەیان 30 پڕۆژەیە.

لەبارەی ئەو کۆنگرەی کە سوودانی لە وتارەکەی بەسرەدا داوایکرد لەبارەی هەماهانگییەکان بۆ کەمکردنەوەی ئاسەواری کەشوهەوا، رەنگە ئەمساڵ ببەسترێت.