کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی مووسڵ مەترسی دروستکردووە

K24 – مووسڵ

رۆژ دوای رۆژ ئاستی ئاوی بەنداوی مووسڵ کەم دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتووانی بەشێک گوندەکانی سنووری مووسڵ دروستکردووە.

بارودۆخی گوندنشینانی رۆژئاوای دیجلە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو بەرەو خراپی دەچێت و دانیشتووانی ئەو سنوورانە ترسیان لە داهاتوودا بە یەکجاری بێ ئاوبن.

ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار بە کوردستان24ی راگەیاند: "مەترسی زۆرمان هەیە گوندەکانی سنوورەکەمان بە یەکجاری بێ ئاوبن، چونکە ئاستی ئاو زۆر کەمیکردووە".

گوتیشی: "بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لەم ناوچەیە، خشتەی دابەشکردنی ئاومان لە گوندەکان داناوە، لەبەر ئەوەی ئێستا ناتوانین هەموو کات ئاویان پێبدەین".

هەر گرفتی کەمبوونی ئاو لەو سنوورە ئەکرەم حەسەن بەرپرسی فەرمانگەی ئاو لە زوممار دەڵێت: "ئاو زۆر کەمبووە، ئەگەر وا بڕوات رەنگە زۆر لە پڕۆژەکانی ئاو لە سنوورەکەمان وشک بن".

لە هەندێک ناوچەی رۆژئاوای دیجلە، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو دەغل و دانی جووتیاران نابینرێت و ماسی گرەکانیش بێ کاربوونە، هاوکات ئێستا 12 گوند کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.