ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن داوا دەکات باڵیۆزی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی دەربکرێت

ئاڵای ئوردن و ئیسرائیل
ئاڵای ئوردن و ئیسرائیل

K24 - هەولێر:

ئەحمەد سەفادی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن، رایگەیاند، "وەک ئەنجوومەنی نوێنەران، داوا لە حکومەت دەکەین کاردانەوەی کاریگەری هەبێت دژ بە وەزیری حکومەتی داگیرکەر کە نەخشەیەکی ئیسرائیلی بەکارهێناوە سنوورەکانی شانشینی هاشمی ئوردن و خاکی فەڵەستینی داگیرکراویشی لەخۆگرتووە''.

بەپێی هەواڵێکی تەلەڤيزیۆنی گشتیی ئوردن ئەلمەملەکە، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنه‌رانی وڵاتەکەدا، تاوتوێی بەکارهێنانی نەخشەیەک کرا لەلایەن بیزالیل سمۆرتیج، وەزیری دارایی ئیسرائیلەوە لە رێوڕەسمێکی یادەوەریدا لە پاریس کە ئوردنی بە خاکی ئیسرائیل نیشاندا.

ئەو پەرلەمانتارانەی لە دانیشتنەکەدا قسەیان کرد، کاردانەوەی توندیان بەرامبەر وەزیرە ئیسرائیلییەکە نیشان دا.

ئەوەی بووە مایەی سەرنج، لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا هاوشێوەی ئەو نەخشەیەی سمۆرتیج بەکاریهێنابوو بە کورسی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەماندا هەڵواسرابوو کە ئاڵای فەڵەستین و ئوردنی پێوە بوو.

ئەحمەد سەفادی، سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن بانگەوازێکی ئاراستەی حکومەتی وڵاتەکەی کرد و، رایگەیاند: "وەک ئەنجوومەنی نوێنەران، داوا لە حکومەت دەکەین کاردانەوەی کاریگەری هەبێت دژ بە وەزیری حکومەتی داگیرکەر کە نەخشەیەکی ئیسرائیلی بەکارهێناوە سنوورەکانی شانشینی هاشمی ئوردن و خاکی فەڵەستینی داگیرکراویشی لەخۆگرتووە''.

سەفادی باسی لەوە کرد کە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پێشێلکراوە و، گوتی: ''ئەمە دۆخێکە ناکرێت چاوپۆش لێبکرێت و پێشێلکارییە بەرامبەر ئەو رێککەوتنی ئاشتییەی لە ساڵی 1994دا لە نێوان ئوردن و ئیسرائیل واژووکرا لەگەڵ رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکاندا''.

هاوکات ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن، لە دەنگدانێکدا بڕیارێکیان دەرکرد و تیایدا داوایان لە حكوومه‌تی وڵاتەکەیان کرد باڵیۆزی ئیسرائیل لە عەمان سنوورداش بکاتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن لیژنەی پەیوەندیە دەرەکییەکانی ئەنجوومەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، داوا کراوە چاو بە رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئوردن و ئیسرائیلدا بخشێنرێتەوە.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێدوانەکانی سمۆتریج زیان بە ئوردن دەگەیەنن و، گەلی فەڵەستین مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و ژیانی هەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا.

لە گوتارێکیدا کە لە رێوڕەسمی یادی سەرۆکی پێشووی پارتی لیکۆد، جاك كوبفر لە میانی سەردانەکەی 19ـی ئاداری بۆ پاریس پێشکەشی کرد، سمۆرتیج،  وەزیری دارایی ئیسرائیل کە کەسێکی راستڕەوی توندئاژۆیە، رایگەیاند: ''گەلێک نییە بەناوی فەڵەستینەوە و پێویستە کۆشکی سپی ئەوە ببیستێت''.

ئەوەی بووە مایەی سەرنج، سمۆرتیج لە کاتی گوتارەکەیدا نەخشەیەکی ئیسرائیلی نیشاندا کە ئوردنیش لە خۆدەگرێت.