پۆلیتیکۆ: بە دابینکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا ئیستۆنیا جبەخانەی سەربازی خۆی نوێدەکاتەوە

K24 - هەولێر

رۆژنامەی پۆلیتیکۆی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، ئیستۆنیا هەوڵی بە مۆدێرنکردنی جبەخانەی سەربازی خۆی دەدات، ئەمەش لە رێگەی ناردنی چەک و تەقەمەنییە کۆنەکان بۆ ئۆکرانیا وەک پاڵپشتی سەربازی، هەروەها داوای قەرەبووکردنەوەی تێچووی ئامێرە مۆدێرنەکان دەکات.

رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییە ئەوروپییەکانەوە بڵاویکردەوە، سندوقی ئاشتی ئەوروپا بە فەرمی قەرەبووی وڵاتان دەکاتەوە بۆ نزیکەی 84%ی ئەو پارەیەی بۆ هاوکارییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا خەرج دەکرێت، بەڵام شێوازی حیسابکردنی تێچوونەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە.

بۆ نموونە هەریەک لە وڵاتانی لیتوانیا، لاتڤیا، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا و سوید بڕی داواکاری قەرەبووکردنەوەکەیان بە پشتبەستن بە تێچووی کڕینی کەرەستەی نوێ حیساب کردووە نەک بەهای ئەو ئامێرانەی کە نێردراوە.

هەروەها  ئیستۆنیا داوای گەورەترین قەرەبووی کرد و رایگەیاند، کە بەهای پاڵپشتی سەربازییەکەی بۆ ئۆکرانیا زیاتر لە 160 ملیۆن یۆرۆ بووە، هەروەها داوای وەرگرتنەوەی زیاتر لە 134 ملیۆن یۆرۆی کردووە.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، کە ئیستۆنیا سیستەمی مووشەکی سۆڤیەتی "سترێلا"ی بە ئۆکرانیا داوە، لەبری ئەوە داوای سیستەمی "ستینگەر"ی کردووە کە بەهاکەی گرانترە.

سەرچاوە: تاس