سەرەڕای گەمارۆکانی رۆژائاوا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان رووسیا و چین زیادیکردووە

K24 – مۆسکۆ:

سەرەڕای کێشە و قەیرانەکان، کڕیاری بەرهەمە چینییەکان رۆژ لەدوای رۆژ لە رووسیا زیاتر دەبن، لەمساڵدا دۆخی بازاڕ وەکو دۆخی پێش جەنگی رووسیا و ئۆکرانیای لێهاتووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، هەناردەی رووسیا بۆ چین لە ساڵی رابردوودا، گەیشتە 114 ملیار دۆلاری ئەمەریکی، بەڵام هەناردەی چین بۆ رووسیا 76 ملیار دۆلار بووە، واتا ئاڵوگۆڕی نێوانیان 190 ملیار دۆلار بووە، ئەم بڕە بە بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی ٪20 زیادیکردووە.

چەندڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی چین سەردانی مۆسکۆی کرد، لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی جەختیان لەگەشەی پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و وزەییەکان کردەوە، بەڕای سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی رووسی و چینیشەوە، دەیانەوێت پەیوەندیە ئابووریەکانی نێوان هەردوو ووڵات گەشە بکات و لەتەواوی بوارەکان بەردەوامبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەماهەنگی ستراتیژی ئێمە لەسەرووی هاوپەیمانیەکەمانە، لەرووی ئابووریشەوە بەوپەڕی تواناوە بۆشاییەکانی یەکتر پڕدەکەینەوە، لەبەرئەوەی چین یەکێکە لەگەورەترین بەکاربەرەکانی وزە و رووسیاش یەکێکە لەگەورەترین هەناردەکاری سەرچاوەکانی وزە".

سەرەڕای سزا و گەمارۆکانی رۆژئاوا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان رووسیا و چین لە ساڵی 2022ــدا بەڕێژەی ٪20 زیادیکردووە، پسپۆڕ و شارەزایانیش لە مۆسکۆ دەڵێن، تا دژایەتییەکانی رۆژئاوا بەردەوام بێت پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و مۆسکۆ زیاتر گەشە دەکات.