روانگەی سووری: مانگی رابردوو داعش لە رۆژئاوای کوردستان 13 هێرشی ئەنجام داوە

K24 - هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری کوژراوانی دەستی داعش بۆ مانگی ئادار، لەنێوان سەربازان و مەدەنی بڵاوکردەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی ئاداردا شانەکانی  داعش 13 هێرشی جیاوازیان ئەنجام داوە، لە هێرشەکاندا شوێنە ئەمنی و سەربازیەکانیان لە هەسەدە کردووەتە ئامانج، هەروەها ئەو پێکهاتانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دا دەژین.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگە، داعش 11 هێرشی لە دێرەزوور و دوو هێرشی دیکە لە حەسەکە ئەنجامداوە،  کە لە ئەنجامی هێرشەکاندا 10 کەس لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها نۆ کەسی دیکە برینداربووە.

روانگە سووری راشیگەیاندووە، لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە، داعش 41 هێرشی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامداوە، کە لە ئەنجامدا 31 کوژراوی لێکەوتووەتەوە، 5 مەدەنی و 23 لە هێزەکانی سووریای دیموکرات.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی مانگی ئاداری 2023 دا، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە سووریادا 393 کەس کوژراوە، کە لە نێویاندا، 195 هاوڵاتی مەدەنی 146 پیاو و 23 ژن و 26 منداڵ، کوژراون

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لەوە دەکات، ئەمریکا هێشتا زیاتر لە 900 سەرباز و سەدان بەڵێندەری لە سووریا هەیە، کە لەگەڵ چەکدارانی کورد کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە داعش سەرهەڵنەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە 23ی ئاداردا رایگەیاند، ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە هاوکارییەکان بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش.