كۆمپانياى بۆينگ: رێ لە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی ئەمریكا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران بگرن

ئەگەر رێ لە رێككەوتنی كۆمپانیاكەی لەگەڵ ئێران بگیرێ، دەبێ رێگه‌ش لە كۆمپانیا ئەمریكیەكان بگرن.

K24 – هه‌ولێر:

ری كانێر سەرۆكی كۆمپانیای فڕۆكەسازی بۆینگ رايگه‌ياند، ئەگەر رێ لە رێككەوتنی كۆمپانیاكەی لەگەڵ ئێران بگیرێ، دەبێ رێگه‌ش لە كۆمپانیا ئەمریكیەكان بگرن.

كانێر بەر لە دەستپێكی مەراسیمی فڕۆكه‌وانى ڤانێربرۆ لە لەندەن بە میدیاكانی راگەیاند، ھەوڵەكان بۆ رێگریكردن لە رێككەوتنی تاران و كۆمپانیای بۆینگ دەبێ بە یەكسانی ئەنجامبدرێت و نابێ ھەوڵبدەن زیان بە كۆمپانیاكەمان بگەیەنن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا لە دانیشتنێكدا دوو بڕیاری پەسەند كرد بە مەبەستی رێگریكردن لە رێككەوتنی كۆمپانیای فڕۆكەوانی بۆینگ لەگەڵ ئێران.

پێشتر سەرۆكی كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئێران رایگەیاندبوو رێككەوتنی سەرەتایی لەگەڵ كۆمپانیای بۆینگ و ئێر باس كراوە و چاوەڕوانی مۆڵەتی ئەمریكان بۆ گرێبەستی یاسایی.

بەشی فڕۆكه‌وانى ئێران ھێشتا گەمارۆی ئەمریكای لەسەر بەردەوامە و سەرۆكی بۆینگیش دەڵێ داواكانی دەوڵەت و كۆنگرێسی ئەمریكا جێبەجێ دەكات.