لە راپرسییەکانی مانگی ئادار ئاکپارتی دەنگی یەکەمی پەرلەمانی تورکیا بەدەستهێناوە

تورکیا
تورکیا

K24 – هەولێر:

ئەنجامی راپرسی 17 کۆمپانیای راپرسی بۆ مانگی ئادار بڵاوکرایەوە و بەگوێرەی راپرسییەکان، ئاکپارتی لە پلەی یەکەم دایە و تەنیا 6.1 خاڵ جیاوازیی لەگەڵ جەهەپە هەیە کە کەمتر لە مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا.

کەمتر لە مانگ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا و بانگەشەیەکی توندی فەرمی دەستپێکردووە. هەرچەندە زیاتر چاوەکان لەسەر ئەوەیە کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام پرسی پەرلەمانیش گرنگە و پارتە سیاسییەکان لە هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی پەرلەمانن.

ئۆپۆزیسیۆن سیستەمی ئێستای تورکیا بە سیستمێکی ناتەواو دەزانن و بڕوایانوایە بووەتە هۆکاری تاکڕەویی و سەرجەم دەسەڵاتەکان لەدەستی کەسێکە، بۆیە بەڵێنی ئەوە دەدەن ئەگەر زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن، یەکەم هەنگاویان گەڕاندنەوەی سیستەمی پەرلەمانی دەبێت. لەبەرامبەردا دەسەڵات رژدە لەسەر بەردەوامبوونی سیستمی سەرۆکایەتی و پێیوایە دەستکەوتی زۆر گەورەی بۆ تورکیا بەدەستهێناوە. هەر لایەنێکیش هەوڵی گۆڕانکاری لە سیستمی دەسەڵاتداری تورکیا بدات، پێویستی بە زیاتر لە 300 پەرلەمانتار هەیە.

لەو سۆنگەیەشەوە شێوەی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا بووەتە جێگەی بایەخی کۆمپانیاکانی راپرسی و لە مانگی ئاداری ئەمساڵ زۆرترین راپرسی کراوە. ئەو کۆمپانیایانەی کە راپرسییان لە مانگی ئاداردا ئەنجامداوە بریتین لە ئاڤراسیا، ماک، سارۆس، بولگو، گێنار، تێمیس، ئادا، ئۆرک، کۆندا، ئار گی، ئاکسۆی، پیار، ئالف، ئارتی بیر، ئۆپتیمار، یۆنەیلەم و راپرسی ئابووری ئیستانبوڵ.

بەگوێرەی ئەنجامی تێکڕایی 17 کۆمپانیای راپرسی، ئاکپارتی لەسەدا 33.2ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە لەبەرامبەردا دەنگەکانی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە 27.1ـە. لە پلەی سێیەمدا ئیی پارتی هەیە و دەنگەکانی لەسەدا 10.5ـە. هەروەها پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە لە ریزبەندەکەدا لە پلەی چوارەمدایە و لەسەدا 10.4ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە. لەلایەکی دیکەوە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە لەسەدا 6.6 دەنگی بەدەستهیناوە و پارتی مەملەکەت رێژەکەی 2.9ـیە.

هاوکات ژمارەی دەنگەکانی پارتی دەڤا 1.5ـە و پارتی یەنیدەن رەفا 1.3 و پارتی کرێکارانی تورکیا 1.2 و پارتی ئاییندە و پارتی زەفەر لەسەدا  1.1 ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و  دەنگەکانی پارتی سەعادەتیش لەسەدا 0.9ـە.

رۆژی 31ـی ئاداری 2023، ناوی کاندیدانی سەرۆکایەتی کۆمار پەسەندکرا و چوار کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن. لەبەرامبەردا چاوەڕوان دەکرێت گەورەترین رکابەریی لە نێوان هاوپەیمانی کۆمار و هاوپەیمانی میللەت بەرێوەبچێت کە کاندیدەکانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵووە.

ئەنجامی راپرسییەکانی 17 کۆمپانیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا

ئاکپارتی: 33.2

جەهەپە: 27.1

ئیی پارتی: 10.5

هەدەپە: 10.4

مەهەپە: 6.6

مەملەکەت: 2.9

دەڤا: 1.5

یەنیدەن رەفا: 1.3

پارتی کرێکارانی تورکیا: 1.2

زەفەر: 1.1

ئاییندە: 1.1

سەعادەت: 0.9