ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبی هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی جۆرە ڤایرۆسێک دەدەن

K24 - هەولێر

ئەمەریکا و چەند وڵاتێکی عەرەبی هۆشدارییان دا لە گەشتکردن بۆ تەنزانیا و گینیای ئیستوایی، دوای ئەوەی هەردوو وڵات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماربۆرگ-یان تێدا راگەیاند.

تەنزانیا کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفریقا، لە 21 ئاداردا یەکەمین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماربۆرگ-یان راگەیاند، لە 22 ئادارهەشت حاڵەتی پشتڕاستکراوەی هەبووە، لەنێویاندا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان.

 ئەمەریکا نووسینگەیەکی هەمیشەیی لە تەنزانیا دامەزراندووە بۆ هاوکاری و رووبەرووبونەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها ستافی زیاتر دەنێرێت بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماربۆرگ، یەکەم پەتا بوو لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا لە گینیا بڵاوبووەوە، کاتێک چەند حاڵەتێک لە چەند پارێزگایەک تۆمارکران، هەروەها 13 حاڵەتی پشتڕاستکراوە تۆمارکران، کە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش چاکبووەتەوە.

سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان لە ئەمەریکا داوای لە گەشتیارانی ئەو دوو وڵاتە کرد کە خۆیان بەدوور بگرن لە بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی نەخۆش، هەروەها چاودێری نیشانەکان بکەن، بۆ ماوەی سێ هەفتە دوای رۆشتنیان لەو وڵاتە.

چەندین وڵاتی عەرەبی لە رگەیێندراوێکی فەرمی پێشنیاریان کردووە،هاووڵاتیانیان لە ئێستادا گەشتکردن بۆ تەنزانیا و گینیای ئیستوایی دوابخەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ماربورگ، کە زۆر درمیە، کە رێژەی مردنی لە 60 تاوەکو 80%یە.

ئەم ڤایرۆسە سەر بە خێزانی ڤایرۆسی فیلامێنتۆسە، کە ڤایرۆسی ئیبۆلاش لە خۆدەگرێت، کە لە شەمشەمە کوێرەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لەنێوان مرۆڤەکانیشدا بڵاودەبێتەوە لە رێگەی بەریەکەوتن.