هەولێر و بەغدا نزیکن لە رێککەوتنی کۆتایی و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە

ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان
ئاڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا نزیکە لە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی پرسە تەکنیکییەکان و میکانیزمی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کاردەکەن لەسەر نووسینەوەی رەشنووسی ئەو رێککەوتنە، ئەمەش دەبێتە بنەمایەکی یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کۆی دۆسیەی نەوت و غاز لە نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها ئەو رێککەوتنە دەبێتە گرێنتییەک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پابەندبوونێک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی نیسان/ئێپرڵی 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ کۆبوونەوە و بڕیاریانداوە بە سێ قۆناغ رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە جێبەجێ بکرێت.

عەدنان زورفی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی گفتوگۆی چڕیانکردووە و رێککەوتوون، دەبێت لە بەرامبەر هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە حکومەتی عێراقیش پابەند بێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێم.

سەبارەت بە قۆناغەکانی رێککەوتنەکە، سەرەتا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت و  رێکەوتنی لایەنی داراییە، کە لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە، دواتر رێکخستەوەی تەکنیکییە کە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیاکاندا دەكرێت.

پێشتر کوردستان24 بڵاویکردەوە، ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێکهاتووە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە داهاتەکەی دەچێتە هەژمارێکی بانکی تایبەتەوە کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و تەنیا سەرۆکوەزیران یان ئەو کەسەی لەلایەن ئەوەوە رادەسپێردرێت، دەسەڵاتی راکێشانی پارەی لەو هەژمارە بانکییە دەبێت کە لەژێر چاودێری بانکی ناوەندیی عێراق دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لیژنەیەکی چوار کەسی لەنێوان هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ پێکدێت بۆ سەرپەرشتیکردنی گرێبەستییە نەوتییەکان و هەموو ئەو میکانیزمانەی لەسەری رێکدەکەون تا پەسەندکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵییە و دواتریش لەسەر بنەمای ئەو یاسایە پاڵپشت بە دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان مامەڵە لەگەڵ پرسی دۆسیەی نەوت دەکات.

عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات، پاش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت، زیان بە هەناردەی نەوتی عێراق کەوتووەتە، بەو هۆیەوە هەردوو حکومەت سوورن لەسەر خێرا دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند لە رێککەوتنی کۆتایی نزیکبووینەتەوە و گفتوگۆکانیش بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.

ئەمڕۆ دووشەممە (3ـی نیسانی/ئێپرڵی 2023)، عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، گفتوگۆکان لەنێوان شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان "بەشێوەیەکی ئەرێنی" بەڕێوەدەچن و هەردوو شاندەکە لە رێكکەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە.

هەروەها نەهرۆ رواندزی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گاز له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24ی رایگه‌یاند، تەنیا بابەتی کات ماوە لەنێوان شاندی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا و گفتوگۆكان سەبارەت بەشێوازی ئەو گرێبەستانەی كە ھەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان كردوویەتی و دواتر پرسی نه‌وت و وزه‌ به‌ته‌واوی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی.

نەهرۆ رواندزی گوتیشی، وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە بوونی نوێنەری کورد لە کۆمپانیای سۆمۆ رەزامەندی نیشانداوە، کە چەند پۆستێک بە کورد دەدرێت، لەوانە پۆستی جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ.

لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمی کوردستان جێگەی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی بە مافی خۆی زانیوە و لەبەرامبەریشدا حکومەتی فیدراڵ پێیوابووە، ئەو کارە لەدەسەڵاتی ئەودایە، هەربۆیە نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک و چارەسەری ناکۆکییەکان بە رێککەوتنی سیاسی لە کابینە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دواخراون، بەڵام لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە یەکلاکرایەوە و هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن.

لە 9ـی ئابی 2007ـدا، یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007: "یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند کرا، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2013 بڕی 57 گرێبەستی بەرهەمهێنانی هاوبەش لەنێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتدا واژوو کرا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی دەستووریبوونی بەڕێوەبردنی ئەو سێكتەرە پشتی بە مادەکانی 111، 112، 115 و 121ـی دەستوور بەستووە کە مافی بەڕێوەبردنی سێكتەری نەوت دەدات بە هەرێمی کوردستان.

لە 2ـی کانوونی یەکەمی 2013ـدا، لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفڕانسی نەوت و گازدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاند و جەختی لە دەستووریبوونی گرێبەستەکان و بەرهەمهێنان کردەوە.

ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و چەندین جار گەیشتوون بە رێککەوتن، بەڵام هیچ کات رێککەوتنەکان وەک خۆی جێبەجێنەکراون.

لەدوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، حکومەت هەنگاوی بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان نا، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا بە تەواوی رەنگیدایەوە، کاتێک مەسرور بارزانی لە گوتاری دەستبەکاربوونیدا جەختی لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکان بەگوێرەی دەستوور لەگەڵ بەغدا کردەوە.

سووربوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکرد، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا چەندینجار سەرۆک و شاندی حکومەت سەردانی بەغدا بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببنەوە.