سەرۆکوەزیرانی عێراق: راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: گوتیشی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق سوودی دەبێت و راگرتنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی نیسانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەموو عێراق گرنگە و دوای واژووکردنی راستەوخۆ جێبەجێدەکرێت.

گوتیشی: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو عێراق سوودی دەبێت و راگرتنی لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نەبووە. 

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری کرد و گوتی: "بەخێرتنیان دەکەم کە سەردانی بەغدایان کردووە بۆ بەدواداچوون و ئامادەبوونیان لێرە بۆ واژۆکردنی رێککەوتننامەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەپێناو بەردەوامی هەناردنەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک بۆ دەرەوە".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا: "لە چەند رۆژی رابردوودا گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا هەبوو، سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، لەم روانگەیەشەوە هەناردەی نەوت راگیرا، بێگومان راگیرانی نەوت زیانەکەی تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو بۆ هەموو عێراقە".

سوودانی، راشیگەیاند: "راگرتنی نەوت دەبێتە هۆکار بۆ کورتهێنانی بودجەی عێراق، بۆیە پێویست بوو رێککەوتن ئەنجامبدرێت و بگەینە لێکتێگەیشتنی قوڵ و دەستبکەین بە جێبەجێکردنی، ئەمەش دەکەوێتە سەر شانی لایەنە تەکنیکییەکان کە راستەوخۆ دوای واژۆکردنی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی و رێکاری یاسایی بگرنەبەر سەبارەت بەم پرسە".

گوتیشی: "ئەم رێککەوتنە ئاماژەیە بۆ ویستی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئاڵنگاری و کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە لە چەند ساڵی رابردوو لەنێوان هەردوولاماندا هەبوون، بگەینە چارەسەرێکی ریشەیی و بە روحێکی بەرز بگەینە رێککەوتنێک کە سوودی هەبێت بۆ هەموو گەلی عێراق لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختیکردەوە: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەردەوام دەبن بۆ جێبەجێکردنی لایەنی تەکنیکی رێککەوتنەکە و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی باش، من ئومێدی باشم پێتانە".