گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا: پەکەکە لە سلێمانی خۆی رێکخستووەتەوە و تورکیاش رێگە بەوە نادات

"با نەڵێن بوومەلەرزە روویداوە و هەڵبژاردن لەگۆڕێیە، هەموو هێزەکانی ئێمە لەسەر کاری خۆیانن"
ئیبراهیم كالن
ئیبراهیم كالن

K24 - هەولێر:

ئیبراهیم کاڵن گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا رایگەیاند، پەکەکە لە سلێمانی خۆی رێکخستووەتەوە و تورکیاش رێگە بەوە نادات.

کاڵن ئاشکراشی دەکات، هەڵبژاردن و بوومەلەرزە کاریگەری لەسەر هێزەکانی تورکیا نییە و رێگە نادەین پەکەکە هیچ شوێنێک دژی تورکیا بەکاربهێبنێت.

لەبارەی کەوتنە خوارەوەی دوو هەلیکۆپتەرەکەش، کاڵن گوتی: "لێکۆڵینەوە لە پرسی کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە دەکەین".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە لە پرسی کەوتنی هەلیکۆپتەرەکە دەکۆڵینەوە، کێ هەلیکۆپتەری پێدان، کێ راهێنانی پێدان و کێ دەرفەتی ئەوەیدا کە بفڕن و چ لایەنێک لەدوای ئەمەوەیە؟ بە تایبەت لە سلێمانی پەکەکە خۆی رێکخستووە".

ده‌شڵێت: "ئێمە ساڵانە بە هەولیر و سلێمانیمان راگەیاندووە کە پابەندی یەکپارچەیی خاکی عێراق و سەروەری سیاسی ئەو وڵاتەین، بەڵام ئەگەر ئەوێ لەلایەن رێکخراوە تیرۆریەکانەوە لە دژی ئێمە بەکاربێنرێ، ئەوا نەچارین هەنگاو بهاوێژین".

هۆشداریشیدا، كه‌ لە سلێمانی پەکەکە تەواو رێکخراوە و ده‌ڵێت: "مەحاڵە رێگە بەمە بدەین، ئێمە گەشتە ئاسمانییەکانی سلێمانیمان راوەستاندوون و لە مەخموور و ناوچەکانی دیکەش رێگەنادینە پەکەکە ئەو شوێنانە بۆ دژی ئێمە بەکاربینێ".

گوتیشی: "با نەڵێن بوومەلەرزە روویداوە و هەڵبژاردن لەگۆڕێیە، هەموو هێزەکانی ئێمە لەسەر کاری خۆیانن".

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـــی راگەیاند، ئەمرۆ ئاگادارکراونەتەوە کە سەرجەم گەشتەکانی مانگی چواری نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا هەڵوەشاونەتەوە لەلایەن تورکیاوە، بەبێ ئەوەی روونکردنەوەیان پێبدرێت لەبارەی هۆکاری ئەو هەنگاوە.

پێشریش لە نێوان ساڵانی (2017 و 2019) چەند جارێک لەسەر بنەمای هەمان هۆکار، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی راگرتووە.