فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی: تورکیا رێگەنادات گەشتە ئاسمانییەکان بەسەر وڵاتەکەیدا تێپەڕێت بۆ سلێمانی

هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ کوردستان24: نیگەرانییەکانمان گەیاندە کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

K24 – هەولێر:

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، ، بەهۆی پێنەدانی رەزامەندی بە تێپەڕبوونی فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی كۆندۆر بەسەر ئاسمانی توركیادا گەشتەکانی كۆمپانیای ناوبراوی لە نێوان سلێمانی و دۆسلدۆرف هەڵوەشاوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (6ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاگاداری گەشتیارانی گەشتی ژمارە (DE 827) لەنێوان (دۆسلدۆرف ــ سلێمانی _ دۆسلدۆرف) کردووەتەوە، بەهۆی پێنەدانی رەزامەندی بە تێپەڕبوونی فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی كۆندۆر بەسەر ئاسمانی توركیادا گەشتەکانی كۆمپانیای ناوبراو هەڵوەشاوەتەوە.

لە ئاگادارییەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دەسەڵاتی فڕۆكەوانی توركیا بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تا 3ـی تەمموزی 2023 دەرکردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە رێگەی كەناڵی پەیوەندییە فەرمییەکانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و ئاساییکردنەوەی گەشتەکان دەدات.

لەلایەن خۆیەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی نیگەرانییەکانیمان لە بەرامبەر داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا، گەیاندە مەمەت مەولوود یاکوت، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، دڵنیاییمان لە دۆخی ئارامیی و ئاسایشی سنوری پارێزگای سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا وداوامانکرد ڕێڕەوی ئاسمانیی بکرێتەوە و دەست بە گەشتە ئاسمانییەکان بکرێتەوە.

پێشتریش عەتا ئەنوەر، سەرۆکی لقی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە کە گەشتە ئاسمانییەکانی ئەڵمانیا بۆ سلێمانی راگیراوە بەهۆی ئەوەی تورکیا رێگەنادات ئەو فڕۆکانەی ئەڵمانیا کە دێن بۆ سلێمانی بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا بفڕن.

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە تاک لایەنەیە و داوای روونکردنەوەمان لە وڵاتی تورکیا کردووە.

هەروەها رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە" بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.

ئەم بڕیارەی تورکیا وەک کاردانەوەیەک لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە شەوی چوارشەممە (15ی ئادار/مارسی 2023) لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک، دێت.

هەروەها رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەکداری هێزەکانیان کە سەرنشینی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەبوون، گیانیان لەدەستداوە.

رۆژی (19ـی ئادار/مارسی 2023) لە راگەیەندراوێکدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو هێلیکۆپتەرانە لەنێوان رۆژئاڤا و سلێمانی فڕیون، بەبێ ئەوەی دەزگا فەرمییەکانی هەرێم ئاگاداربکەنەوە و زانیارییەکان وا دەردەخەن کە لایەنێک لە سلێمانی بە شێوەیەکی نهێنی و نافەرمی رێگەخۆشکەر بووە بۆ پەیوەندییەکانی هێزەکانی هەسەدە و پەکەکە و بە چەندین جۆری جیاواز هاوکارییان کردوون".

رۆژی سێشەممە (4ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بە بەبوونی "پردێکی ئاسمانی" کردووە لەنێوان عێراق و سووریا کە گوایە چەکدارانی پەکەکە دەگوازنەوە لەسەر داوای بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. هەروەها سەرچاوەکان باسیان لەوەشکردووە، ئەو رێگایە دوای کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە مانگی رابردوودا لە سنووری ناحیەی چەمانکێی سەر بە پارێزگای دهۆک ئاشکرابووە.