بلومبێرگ: تورکیا هەوڵی دانوستاندن دەدات لەگەڵ عێراق لەبارەی بڕیارەکانی دادگای پاریس

ئاڵای تورکیا و عێراق
ئاڵای تورکیا و عێراق

K24 – هەولێر:

دوای بڕیارەکانی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، تورکیا دەخوازێت سەبارەت بە بڕیاری قەرەبووکردنەوەی عێراق لە بەرامبەر دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکات و بگەنە رێککەوتن.

ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ، لە زاری چەند بەرپرسێکی تورکی بڵاویکردووەتەوە، بەر لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تورکیا دەیەوێت لەبارەی ئەو 1.5 ملیار دۆلارەی، کە بڕیارە وەک قەرەبوو بیدات بە عێراق، دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.

بلومبێرگ وردەکاریی زیاتری لەبارەی ئەوەی تورکیا دەیەوێت بڕی قەرەبووەکە کەمبکرێتەوە یان بەدوای میکانیزمێکدا دەگەڕێت بۆ چۆنیەتی پێدانی قەرەبووەکە، نەخستووەتەڕوو.

رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.

دوای واژووکردنی رێککەورۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) ، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند. وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی حکومەتی تورکیا دەکات بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

هەروەها رۆژی (29ـی ئادار/مارسی 2023)، فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی سەپاندنی 1.4 ملیار دۆلار سزای دارایی لەلایەن دادگای ناوبژیوانی پاریس لە پرسی گواستنەوەی نەوتی عێراق رایگەیاند، هیچ بڕیارێكی له‌و جۆرە نییە و مافناسانی تورکیا کار لەسەر بڕیار و سزاکان دەکەن و دواتر هەڵسەنگاندنیشی بۆ دەکەن.