وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

کاردانەوەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەرامبەر بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە،  کە رۆژی (سێشەممە 4ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) واژووکرا بەردەوامییان هەیە، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش جەخت لەسەر گرینگی رێککەوتننەکە دەکاتەوە و بە دەرئەنجامی کاری سەختی سەرکردەکانی عێراق ناوی دەبات.

لە بارەی گرنگی رێککەوتنەکەوە ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند، پێشوازی لەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەم رێککەوتنە دەرئەنجامی کاری سەختی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە بوو لە ماوەکانی رابردوودا، کە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقییان کردووەتە کاری لە پێشینە و لەپێشەوەی هەموو شتێکیان داناوە.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە درێژەی لێدوانەکەیدا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە واشنتن پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

رۆژی (سێشەممە 4ـی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش واژووکرا.