لە کەنەدا یەک ملیۆن کەس بەهۆی زریانی بەفرەوە بێ کارەبان

K24 - هەولێر:

لە کەنەدا بەهۆی زریانی بەفرەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن کەس بێ کارەبان.

 دەسەڵاتدارانی کەنەدا بڵاویانکردەوە، بەهۆی ئەو زریانە بەفرەی رووی لە وڵاتەکەیان کردووە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هاووڵاتی دیکەش بریندارن و لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر پزیشکی وەردەگرن.

هەر بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بەهۆی ئەو زریانەی بەفرەوە، یەک ملیۆن کەس لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە بێ کارەبان.

دەسەڵاتدارانی کەنەدا باسیان لەوەشکردووە زریانێکی بەفری جەمسەری چەند رۆژێکە هەردوو هەرێمی کیوبیک و ئۆنتاریۆی گرتووەتەوە و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەرژێرخانی وزە و بەتایبەتی کارەبای وڵاتەکە کەوتووە.

ئاماژەیان بەوەشدا، چاکردنەوەی کارەبا چەند رۆژێکی پێدەچێت بەمەش رەنگە یەک ملیۆن کەنەدی مەراسیمی جەژنی قیامەی مەسیح لەتاریکیدا بگێڕن.