بەهۆی راگرتنی گەشتەکانەوە.. هەزاران دۆلار زیان بە نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکانی سلێمانی کەوتووە

شاری سلێمانی
شاری سلێمانی

K24 – سلێمانی:

بەهۆی داخستنی ئاسمانی تورکیا بە رووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هاووڵاتییەکی زۆر بلیتی گەشتیان بۆ وڵاتانی تورکیا و ئەڵمانیا هەڵوەشاوەتەوە، لە هەمان کاتیشدا نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارەکان زیانی هەزاران دۆلار بەرکەوتووە.

ئارام حەمەکەریم، خاوەنی کۆمپانیایەکی گەشتیارییە بە کوردستان24 راگەیاند، "تەنیا لە کۆمپانایەکەی ئێمە تاوەکو مانگی تەمموزی داهاتوو بەبری نزیکەی 10 هەزار دۆلار بلیت لەلایەن هاووڵاتییانەوە بڕدراوە، بەڵام بەهۆی راگرتنی گەشتەکان هەموویان هەڵوەشاونەتەوە، راگیرانی گەشتەکانیش هەمان زیانی سەردەمی کەرەنتینەی نەخۆشی کۆرۆنای لێداین".

لەبارەی راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، عەتا ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان، بە کوردستان24ــی راگەیاند، بەهۆی وەستانی هێڵی فڕۆکەوانی تورکیش ئێرلاین و هێڵی فڕۆکەوانی کۆندۆر بۆ سلێمانی، زۆرینەی کۆمپانیەکانی گەشتیاری زەرەمەند بوونە، بەهۆی ئەوەی کە گەشتەکان کەمدەبنەوە.

سەرۆکی لقی سلێمانی نووسینگە و کۆمپانیا گەشتیارییەکان روونیشکردەوە، نرخی بلیتی گەشتەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاددەکات، کاتێک جگە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، فڕۆکەخانەی شارەکانی دیکە بەکاردێنن، ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ سەر کەرتی گەشتیاری پارێزگای سلێمانی.

رۆژی (3ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە تاک لایەنەیە و داوای روونکردنەوەمان لە وڵاتی تورکیا کردووە.

هەروەها رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو "رێکخراوە تیرۆریستییە" بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.