موحسین مەندەلاوی: هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

K24 - هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەکات و پێیوایە هێرشەکە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.

ئەمڕۆ شەممە 8ـی نیسانی 2023، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی دوێنێ ئێوارەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد.

مەندەلاوی پێیوایە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی "پێشێلکردنی مەترسیداری سەرەوی خاکی عێراقە" و هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر سەلامەتی هاووڵاتییانی پارێزگاکە.

لە پەیامەکەیدا جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمان دەکات "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەکردن" بۆ رووداوەکە پێکبهێنێت و راپۆرتێکی بەپەلە لەوبارەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هاووڵاتییانی بگیرێنەبەر.

رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.

لەلایەن خۆیانەوە، میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ئەنجامی هێرشێکی دڕۆنی تورکیا بووە و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)  کراوەتە ئامانج و لەو رووداوەدا، مەزڵوم عەبدی لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە.

هەروەها کەناڵی "روسیا الیوم" لە چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، ئێوارەی رۆژی هەینی مەزڵوم عەبدی لەناو فڕۆکەیەکی سەربازی لە سلێمانی بووە و لەلایەن دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە چاودێری کراوە و لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی دوو مووشەکی ئاراستەکردووە.

لەبارەی بە ئامانجنەگرتنی راستەوخۆی فڕۆکەکەی مەزڵوم عەبدی، سەرچاوەکانی کەناڵی "روسیا الیوم" ئاماژەیان بەوەکردووە، چەند کەسایەتییەکی بیانی کە سووری و عێراقی نەبوون لەو فڕۆکەیەدابوون، بۆیە دوو فڕۆکە تورکییەکە نەیانتوانییەوە راستەوخۆ فڕۆکەکەی مەزڵوم عەبدی بکەنە ئامانج.

ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژی (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) تانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، لە (3ـی نیسان تا 3ـی تەمموز) ئاسمانیی تورکیا بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە، کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوە/بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی و دزەکردنی ئەو رێکخراوە بۆ ناو فڕۆکەخانەکە و بوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی گەشتەکان، ئەو بڕیارە دراوە.

ئەم بڕیارەی تورکیا وەک کاردانەوەیەک دێت لە رووداوی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە شەوی چوارشەممە (15ی ئادار/مارسی 2023) لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.

هەروەها رۆژی (17ـی ئادار/مارسی 2023)، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەریان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لە سنووری هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە خوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ چەکداری هێزەکانیان کە سەرنشینی ئەو دوو هێلیکۆپتەرەبوون، گیانیان لەدەستداوە.