ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی: تەقینەوەیەک لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی سلێمانی روویدا

K24 - هەولێر:
ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی سلێمانی روویدا و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا هاتووە، "ئەمڕۆ ئێوارە (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رووداوە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و دەستبەجێ تیمەكانی بەرگری شارستانی فڕۆكەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و ئاگرەكەیان كۆنترۆڵ كرد.
ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، هێزەكانیان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە رووداوەكە و لە داهاتوودا زانیاری زیاتر بڵاودەكەنەوە.