هومام حه‌موودی: بودجه‌ی گشتی عێراق تێده‌په‌ڕێندرێت

"دۆخی عێراق به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت"
هومام حه‌موودی
هومام حه‌موودی

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، بودجه‌ی گشتی عێراق له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێندرێت.

شێخ هومام حه‌موودی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی له‌ عێراق ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 8ـی نیسان / ئه‌پرێلی 2023) له‌ میانه‌ی گوتارێكدا رایگه‌یاند، بودجه‌ی گشتی عێراق تێده‌په‌ڕێندرێت، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا کە لە بەغدا 47 پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێدەکرێت و پێویستمان بە تێڕوانینی نوێ هەیە بۆ پێشخستنی دەوڵەت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق له‌به‌رده‌م پڕۆسه‌یه‌كی چاكسازی گه‌وره‌دایه‌، گرنگترینیان دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵییه‌.

هه‌روه‌ها گوتی: "دۆخی عێراق به‌ره‌و باشبوون ده‌چێت".

رۆژی 13/3/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژە بەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

پێشتریش گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، بەرەوپێشچوون و لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و رایگەیاند، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە کەشێکی ئەرێنی رێککەوتوون لەسەر بەردەوامی کاری بەیەکەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و کارنامەی پەسەندکراوی کابینەکەی سوودانی.