بەهۆی نقومبوونی دوو بەلەم 27 کۆچبەر بوونە قوربانی

K24 - هەولێر

دوای نقومبوونی دوو بەلەم لەکەناراوەکانی تونس، 27 کۆچبەری ئەفریقی بوونە قوربانی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش دەڵێت، ئەگەر سەقامگیری دارایی لە تونس گەرەنتی نەکرێت، ئەوە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران دەبنەوە.

فەوزی مەسمودی، گوتەبێژی دادگاکانی سفاقس لە تونس رایگەیاند، دوای نوقمبوونی دوو بەلەم لە کەناراوەکانی تونس، کە ویستوویانە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، لانیکەم 23 کۆچبەری ئەفریقی بێسەروشوێنن و چوار کۆچبەری دیکەش گیانیان لەدەستداوە.

مەسمودی ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکان، 53 کەسی دیکەیان لە کەناری سفاقس لە باشووری وڵات رزگارکردووە، لەنێویاندا باری تەندروستی دوو کەسیان ناجێگیرە، دەشڵێت: چوار تەرم دۆزراونەتەوە.

لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا دەیان کەس لە کەناراوەکانی تونس خنکاون، رۆژی هەینییش پاسەوانی نیشتمانی تونس رایگەیاند، لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 14 هەزار کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی ئەفریقا بوون، رزگارکراون، کە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو پێنج هێندە زیادیکردووە..

جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، ئەگەر سەقامگیری دارایی لە تونس گەرەنتی نەکرێت، ئەگەری هەیە ئەوروپا رووبەڕووی مەترسی شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەران ببێتەوە کە لە باکووری ئەفریقاوە بگاتە کەناراوەکانی ئەوروپا.

میلۆنی داوای لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دیکە کرد بە خێرایی هاوکاری تونس بکەن بۆ ئەوەی لە داڕمان دوور بکەوێتەوە.

بە گوتەی نەبیل عەمار وەزیری دەرەوە، تونس پێویستی بە پارە و کەرەستە هەیە بۆ ئەوەی سنوورەکانی باشتر بپارێزێت، هەرچەندا تونس لە ساڵانی رابردوودا کەرەستەی لە ئیتاڵیا وەرگرتووە، بەڵام دەڵێت: ئەو ئامێرانە کۆنە و بەس نییە.