پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر:

وابڕیارە سبەی دووشەممە شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی شاری سلێمانی بکات بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشەی رۆژی 7ـی نیسانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بکات.

ئێوارە رۆژی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند، تەقینەوەیەک لە نزیک سیاجی فڕۆکەخانەی سلێمانی روویدا و هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.

رۆژی (8ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە لیژنەی ئەمنی و بەرگری پەرلەمان کرد "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە" بۆ رووداوەکەی فڕۆکەخانەی سلێمانی پێکبهێنن و راپۆرتێکی بەپەلە لەوبارەوەیەوە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هاووڵاتییان بگیرێتەبەر.

رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی (7ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) كاتژمێر (4:18) لە نزیك سیاجی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تەقینەوەك روویدا كە تیایدا هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و بووەتەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک و بەرگری شارستانی فڕۆکەخانەش کۆنترۆڵیان کردووە.

شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی عەباس زاملی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و  سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت و وابڕیارە کاتژمێر 10ـی بەیانی بگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

هەروەها رۆژی (8ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، شاندێکی باڵای ئەمنی بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق گەیشتە سلێمانی و سەردانی شوێنی رووداوی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییان کرد بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە.

لەلایەن خۆشیەوە، لە راگەیەندراوێکدا ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، مەزڵوم عەبدی ئامادەبووە و دوای رووداوەکەش بە سەلامەتی گەیشتووەتەوە ناوچەکانی باکوور و رۆژەهەڵاتی سووریا.