قاسم ئەعرەجی و جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا کۆبوونەوە

K24 - هەولێر:

دوای رووداوەکەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق و جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا کۆبوونەوە و نه‌خشه‌ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئه‌منییه‌كان و كۆنترۆڵكردنی سنووری نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی قاسم ئه‌عره‌جی، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق، ئه‌مڕۆ (دووشەممە 10ـی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) ئه‌عره‌جی له‌گه‌ڵ مۆتلۆ تۆكا، جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا كۆبووه‌وه‌ و گفتوگۆیان له‌باره‌ی دوایین پێشهاتی ئه‌منی له‌ ناوچه‌كه‌ كردووە.

لە راگه‌یه‌ندراوەکەدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایشی هه‌ردوو وڵات و نه‌خشه‌رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوانیان و كۆنترۆڵكردنی سنوور جه‌ختی له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا جێگری سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا سه‌ردانه‌كه‌ی محەممەد شیاع سوودانیی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ وڵاته‌كه‌ی به‌ گرنگ وه‌سف كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، تورکیا گرنگی به‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كان ده‌دات.

رۆژی (هەینی 7ی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) تەقینەوەیەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی روویدا و بەوهۆیەوە ئاگر لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە کەوتەوە. پاش رووداوەکەش ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند هێرشی درۆنی بووە.

لەلایەن خۆیانەوە، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرایکرد، هێرشەکە بۆ بە ئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکەیان بووە و لە هەوڵێکی کوشتن لەلایەن تورکیاوە رزگاری بووە و گەڕاوەتەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە سووریا.

هاوکات رۆژی (شەممە 8ی نیسان/ ئێپڕێڵی 2023) قاسم ئەعرەجی، لەسەر رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی سلێمانی کرد و لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ هێرشەکە کرد.