ئازاردانی قوتابییەک لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیەوە لە بەردەڕەش کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

شوێنەواری ئازار لەسەر جەستەی قوتابییەکە
شوێنەواری ئازار لەسەر جەستەی قوتابییەکە

K24 – ئاکرێ:

دوای ئەوەی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی سەنتەری قەزای بەردەڕەش، بەڕێوەبەرێک بە توندی سزای قوتابییەک دەدات و شوێنەواری ئازاردان بە جەستەوەیە دیارە و وێنەکانی لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، پەروەردەی بەردەڕەش روونکردنەوە لەوبارەیەوە دەدات.

ئەمڕۆ سێشەممە (11ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، مەهدی خەلیل، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئاگاداری ئەو بابەتەن و لە بەیانییەوە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی دهۆک، لیژنەیەک سەردانی قەزای بەردەڕەش دەکات بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ رووداوی لێدانی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک لە یەکێک لە قوتابییەکانی.

بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش ئاماژەی بەوەشکرد، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوە، رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر ئەو بەڕێوەبەرە دەگیرێتەبەر.

لەلایەکی دیکەوە، کەسوکاری قوتابییەکە ئاماژەیان بەوەکردووە، لەگەڵ ئەو بەڕێوەبەری قوتابخانەیە گەیشتوونەتە رێککەوتن و هیچ سکاڵایەکی یاساییان تۆمارنەکردووە.