لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە .. پێشمەرگە لە خەباتی نەتەوەیەکەوە بۆ هێزێکی نێودەوڵەتی

لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە
لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە

K24 – هەولێر:

لەسەرووی ناکۆکییەکانەوە بە ئامادەبوونی دوو بەرپرسی باڵای پێشووی پێشمەرگە باس لە رۆڵ و کاریگەی پێشمەرگە کرا، کە لە قۆناغی خەباتی پارتیزانییەوە گەیشتە ئەوەی ببێتە هێزێک کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە تیرۆر بکات و ببێتە هێزێکی دانپێدراوی دەستووری لە عێراقدا.

لە بەرنامەی "لە سەرووی ناکۆکییەکانەوە" کە لەلایەن رۆژنامەنووس ئەحمەد زاوێتییەوە لە کەناڵی کوردستان24 پێشکەش دەکرێت و ئەمشەو (13ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023) پەخشکرا، بە میوانداری هەریەک لە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە، باسیان لە رۆڵ و کاریگەرییەکانی رابردوو و ئێستای پێشمەرگە کرد لە بەرگریکردن و پاراستنی کوردستان.

لە بەرنامەکەدا ئاماژە بە قۆناغەکانی خەباتی پێشمەرگە کرا لە سەردەمی شۆڕشەوە تا قۆناغی دوای راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 و پێکهێنانی حکومەت و دامەزراوە فەرمییەکان و بەشداریکردنی پێشمەرگە لەناو چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووخانی رژێمی بەعس، پاشانیش رووبەڕبوونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش).

سەبارەت بە جیاوازی رۆڵ و کەسایەتیی پێشمەرگە لە قۆناغی پێش راپەڕین و دوای راپەڕین جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "بەپێی ئەو ئەزموونەی لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا بەدەستم هێناوە، دەتوانم بڵێم بەگشتی جیاوازیی لەنێوان شێوازی پێشمەرگایەتی لە قۆناغی پێش راپەڕین و دوای راپەڕین هەیە، نەخاسمە لە رووی پێکهاتە، ئەرک و ئامانجی پێشمەرگەوە، بەشێوەیەک  ئامانجی هەموو شۆڕشەکانی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕییەکەی بریتی بووە لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو دەسەڵات و رژێم و حکومەتانەی کوردیان چەوساندووەتەوە و ئامانجیان بووە لە دەست زوڵم و ستەم رزگاری بکەن".

جەبار یاوەر گوتی، "بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای ساڵی 1976 هەریەکەیان بە شێوازی خۆی ئامانجیان بریتی بوو لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمی بەعس بەرامبەر بەو ستەم و چەوسانەوەی دەرهەق بە کورد ئەنجامی دەدا، هاوکات بەدیهێنانی ئازادی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. لە لایەکی ترەوە شێوازی ئەو قۆناغ و سەردەمی پێشمەرگایەتی، شێوازێکی پارتیزانی بووە، واتە لە شوێنێکدا جێگیر نەبووە و ناوچەکاندا جێگۆڕکێی کردووە، بەڵام دوای راپەڕین و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگە بووەتە هێزێکی نیزامی رێکخراو تەنانەت لە دەستووری عێراقیشدا دانی پێدانراوە".

لەبارەی بە چەک و جبەخانەوە، جەبار یاوەر گوتی، "بە هەمان شێوە قۆناغی پێش راپەڕین لە قۆناغی دوای راپەڕین بۆ پێشمەرگە جیاوازە، بەشێوەیەک توانای ئەو سەردەم لە رووی چەک و تەقەمەنییەوە سنووردار بوو، بەڵام لە دوای راپەڕین ئاستی ئەم توانا سەربازییە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئێستا پێشمەرگە خاوەنی چەکی پێشکەوتووە".

لە بارەی ئامانجی پێشمەرگە لە رابردوو و ئێستادا، فەریق جەبار یاوەر روونیکردەوە، پێشمەرگە خەباتی دەکرد بۆ رووخانی حکومەتێک، بەڵام ئێستا حکومەتێک دەپارێزێت، کە قەوارەی سیاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. راستییەکەی ئێستا پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیهان ناسراوە و بووەتە سیمبوڵی بەرگریکردن و پاراستنی جیهان لە مەترسییەکانی رێکخراوی داعش، بەمەش بووەتە ئەندامی هاوپەیمانیەتێکی گەورەی جیهانی.

لەلایەن خۆیەوە فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە رایگەیاند، روونە پێشمەرگە بەر لە راپەڕینی بەهاری 1991ـی باشووری کوردستان لە رووی پێکهاتەوە گوزارشتی لە هێزێکی پارتیزانی دەکرد، بەڵام دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هێزە بۆ پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی وەرچەرخا و بووە خاوەنی وەزارەتێکی تایبەت و سەربەخۆ، هاوکات سوود لە شارەزایی ئەفسەرە خاوەن ئەزموونەکان وەرگیرا کە لە ریزەکانی سوپای عێراقەوە پەیوەندییان بە پێشمەرگە و وەزارەتەکەوە کرد، بەمەش توانرا واقیعێکی نوێی سەربازی لە کوردستان بهێندرێتە ئاراوە، کە بریتی بوو لە تێکەڵە و ئاوێتەیەکی سەربازی نیزامی و هێزی پارتیزانی و شێوەیەکی سیستماتیکی و دامەزراوەیی وەرگرت.

لەبارەی رۆڵی پێشمەرگە لە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ رووخانی رژێمی بەعس، فەریق جەمال ئێمینکی گوتی، "کاتێک بڕیاری پڕۆسەی رزگاری عێراق لەلایەن ئەمەریکا درا، هاوپەیمانیەتییەک بە بەشداری بەریتانیا پێکهێنرا و بنکەی سەربازی ئەم هاوپەیمانیەتییەش بەشێکی لە هەرێمی کوردستان بوو، هەروەها لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، هێزی پێشمەرگە بووە بەشێکی کاریگەر و سەرەکی لەناو هاوپەیمانیەتییەکە، بەتایبەت کە پێشمەرگە لەو ناوچانەی لێی جێگیر بوو، بووە هێڵێکی ئەمنی سەقامگیر و پارێزراو بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و پاشانیش بەشداری راستەخۆی پڕۆسەی ئازادکردنی چەندین ناوچەی لە سنوورەکانی کەرکووک، موسڵ و دیالە کرد، بەڵام نەچووە ناو شارەکان بۆ ئەوەی شەڕی کورد و عەرەب روونەدات".

فەریق جەمال ئێمینکی سەبارەت بە هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، روونیکردەوە، "دوای ئەوەی پێشمەرگە حەویجەی لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و چوونە ناو کەرکووک، کە ئامانجیان بوو ئیرادەی کورد و پێشمەرگە بشکێنن، بەڵام رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە بەرگری کرد و ئەو هێزەیان وەستاند".

سوپاسالاری پێشووی پێشمەرگە گوتیشی، "ئەمەریکا لە رووی سیاسییەوە نەک لە رووی سەربازییەوە ئیدارەی عێراقی دەکرد، بۆیە هیچ هەڵوێستێکی نەبوو. کاتێک پێشمەرگە لە 20ـی ئۆکتۆبەر شکستی بە هێرشەکانی عێراق هێنا، لە مەخموور و تلسقۆفیش بەرگری کرد، پاشان لە 26ـی ئۆکتۆبەر لە سحێلا و مەحموودییە بە تەواوەتی رووبەڕووی هێرشەکان بووە و قارەمانانە بەرگری لە قەوارەی سیاسی و دەستووری هەرێمی کوردستان کرد، هەر بەهۆی ئەو بەرگرییەی پێشمەرگەوە بوو، دانوستان لەنێوان هەردوولا دەستیپێکرد و کۆتایی بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هات".