چەند بەرمیلێک زێڕ و پارەی داعش دۆزرایەوە

K24 – هەولێر

لە هەڵمەتێکی هێزەکانی هەسەدە و ئەمەریکا چەند بەرمیلێک لە زێڕو پارەی داعش دۆزرایەوە و دواتر گواسترایەوە بۆ کۆگایەکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی هێزەکانی سووریای دیمکورات (هەسەدە) و ئەمەریکا.

چەند رۆژێک لەمەوبەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئەمەریکا هەڵمەتێکیان دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا چەند بەرمیلێک لە زێڕو پارەیان لە یەکێک لە کێلگەکان دۆزیوەتەوە، کە موڵکی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکی پێشووی رێکخراوی داعش بووە.

هەڵمەتەکە دوای ئەو زانیارییانە هات کە ئاماژەیان بە بوونی حەشارگەیەکی نهێنی کردبوو، دوای چوونیان بۆشوێنەکە لە ناوەوە سێ ژووری خۆدزینەوە هەبووە، کە تێیدا چوار بەرمیل کە بڕێکی زۆر زێڕ و پارەیان تێدابووە، کە بە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی دەخەملێنرێت.

سەبارەت بە بەشی دووەمی حەشارگەکە، چەک و پارەی تێدا دۆزراوەتەوە، کە رێکخراوەکە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە خۆکوژییەکان و هێرشە لەناکاوەکانی بەکاریهێناوە، لە چوارچێوەی ئەو ناوچانەی کە لەلایەن "هەسەدە" لە باکوری سووریا کۆنترۆڵکراون.

پارە و چەکەکان بۆ کۆگایەکی هاوبەشی نێوان هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی ئەمەریکا گواستراونەتەوە.

داعش لە ساڵی 2014 شاری رەقەی کۆنترۆڵکرد، هەروەها لە ساڵی 2017 دا، بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نێودەوڵەتی شکستی پێبهێنێت.