ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر بەرپرسانی رژێمی سووریادا سەپاند

سووریا
سووریا

K24 - هەولێر

رۆژی دووشەممە، یەکێتیی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر چەندین بەرپرسی رژێمی سووریادا سەپاند.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن حکومەتی هۆڵەندا بڵاوکراوەتەوە، یەکێتی ئەوروپا پاکێجێکی سزاکانی بەسەر بەرپرسانی رژێمی سووریا سەپاند، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەرەوە تێوەگلاون، لەگەڵ سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".

یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا 25 کەس و 8 قەوارە لە چوارچێوە رێوشوێنە سنووردارەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەژێر رۆشنایی بارودۆخی سووریادا سزابدات، ئەو کەس و لایەنانەی بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت کاپتاگۆن.

لە بڕیارەکەدا ناسنامەی زۆرێک لەوانەی سزاکە دەیانگرێتەوە لە ئەندامانی بنەماڵەی بەشار ئەسەدن، لەوانە چەندین ئامۆزای ئەسەد و سەرکردە و ئەندامانی میلیشیاکانی لایەنگری رژێم، ئەو بازرگانانەی پەیوەندییەکی نزیکیان بە بنەماڵەی ئەسەدەوە هەیە، هەروەها ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە سوپای سووریاوە هەیە و بازرگانان و هەواڵگری سەربازی سووریاش بەر سزاکە کەوتوون.

ئەو ریزبەندییەی کە ماونەتەوە پەیوەندییان بە کۆمپانیا تایبەتەکانی ئاسایشەوە هەیە کە لە سووریا کاردەکەن، وەک "کۆمپانیای جەبەل بۆ خزمەتگوزاری پاراستن و پاسەوانی"، هەروەها "قەڵای خزمەتگوزاری پاراستن و پاسەوانی و ئاسایش"، "ئامان بۆ پاراستن و ئاسایش"، هەروەها کۆمپانیای شێل کە بۆ میلیشیاکانی سەر بە رژێم کاردەکەن و لە رێگەی چالاکییەکانی وەک دامەزراندنی ئەندامانەوە پشتگیریان دەکەن.

یەکێتی ئەوروپا کۆمپانیای ئەندازیاری و بیناسازیی رووسی "سترۆیترانس گاز و گێکۆفام" سزادا، کە لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوت و سامانە کانزاییەکانی سووریادایە.

بەم بڕیارە نوێیە، لیستی ئەو کەس و لایەنانەی کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانی ئەوروپا، لە ئێستادا 322 کەس لەخۆدەگرێت کە بەهۆی بلۆککردنی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی هاتووچۆ کراونەتە ئامانج،   هەروەها 81 قەوارە سامانەکانیان لەدەرەوە بلۆککراوە.

لە کۆتایی مانگی ئاداری رابردوودا، بەریتانیا و ئەمەریکا سزایان بەسەر 11 کەسدا سەپاند، کە بە گوتەی خۆیان پەیوەندییان بە بازرگانی نایاسایی ماددە هۆشبەرەکانی سووریاوە هەیە.