فەرەنسا نووسینگەی پێدانی ڤیزا لە پارێزگای نەینەوا دەکاتەوە

کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە مووسڵ
کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە مووسڵ

K24 - هەولێر:

وڵاتی فەرەنسا نووسینگەی پێدانی ڤیزا لە پارێزگەی نەینەوا دەکاتەوە، ئەمەش بە یەکەم دەشتپێشخەری وڵاتێکی ئەوروپی لەو شارە دادەنرێت، کە ساڵانێک پارێزگەکە بەدەست هەژموونی رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەیناڵاند.

ژان کریستۆف ئۆگەر، کونسوڵی فەرەنسا لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، "کردنەوەی ئەم ناوەندە پابەندبوونی وڵاتی فەرەنسایە بەرامبەر بە پارێزگای نەینەوا".

ئاماژەی بەوەشکرد،"بەهۆی ئەم سەنتەرە نوێیەوە ئاسانکاری دەکەین بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا بەتایبەت بۆ قوتابیان، بازرگان و گەشتیاران، بەمەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و پارێزگاکە".

ڤیزای وڵاتی فەرەنسا لە پارێزگای نەینەوا لە رێگەی نووسینگەی "تی ئێل ئێس کۆنتاکت"  کە تاکە کۆمپانیای تایبەتە بە وەرگرتنی ڤیزەی فەرەنسا وەردەگیرێت، لە ناوەندێکی هاوبەشی کارکردن دامەزراوە کە تایبەتە بە پشتگیری کارگێڕی گەنجان.

لە ماوەی رابردوودا دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا لە شاری بەغدا بەدووری 500 کیلۆمەتر داوای وەرگرتنی ڤیزەی فەرەنسا بکەن، یان سەردانی ناوەندی وەرگرتنی ڤیزای فەرەنسا لە شاری هەولێر بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا باسی لەوە کرد، کە فەرەنسا یەکەم وڵاتی ئەوروپی بووە، کە کونسوڵی گشتی خۆی لە موسڵ کردووەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بەبوونی پەیوەندییەکی پتەو و جیاواز لەنێوان شارەکە و وڵاتی فەرەنسا.

پارێزگەی نەینەوا، ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسە، هەروەها کونسوڵخانەی تورکیا و نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک رێکخراوی ناحکومی و نێودەوڵەتی تێدایە، لە ساڵی 2014دا شارەکە کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆرستی داعش، بەڵام هێزە عێراقییەکان بە هاوکاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە مانگی تەمموزی 2017دا موسڵیان کۆنترۆڵکردەوە.