پاڵپشتی دارایی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا

Kurd24

مۆرێس دۆڤریجێەری گەورە یاساناس و سیاسەتمەداری فەرەنسی دەڵێت: دیموكراسییەت بەبێ پارتە سیاسییەكان بوونی نییە، پارتە سیاسییەكانیش بەبێ دیموكراسییەت بوونیان نییە.

هەموو پڕۆسەیەكی دیموكراسی لەهەناوی پڕۆسەی هەڵبژاردنی دیموكراسییدا لەدایكدەبێت، ئەمە ئەلف و بێ و دەستپێكی پڕۆسەی دیموكراسییە لە هەر شوێنێكی گوێی زەویدابێت.

خاڵی گرنگ و هەرە لەپێش لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بریتییە لە پاڵپشتی دارایی (التمويل) بۆ پارت و كاندیدەكان، لە روانگەی جێمس ئۆنرۆ، نووسەر و سیاسەتمەداری ئەمەریكی پاڵپشتی دارایی وەكو شیری دایك وایە بۆ سیاسەت. لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت كە بەبێ ئەم پاڵپشتییە داراییە سیستمێكی دیموكراتیمان نابێت كە تێیدا ژمارەیەك لە پارتی سیاسی كێبڕكێ بكەن لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی دەنگدەران، واتە؛ نە پارتی سیاسی بوونی دەبێت، نە پرۆسەی هەڵبژاردن بوونی دەبێت بەبێ ئەم پاڵپشتییە.

رێگەی راست بۆ پاڵپشتی دارایی كە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان پەیڕەوی لێدەكرێت، بریتییە لە پێدانی هاوكاری دارایی لەلایەن گەلەوە بۆ پارت و كاندیدەكان، واتە ئەندام و لایەنگران هەڵدەستن بە كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ لیست و كاندیدەكانیان، كە بێگومان ئەمەش بەپێی یاسا ریكدەخرێت و رێگە بەهەموو هاوكارییەكی دارایی نادرێت بۆ پارتە سیاسییەكان، بۆ نموونە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، رێگە بە هاوكاری دارایی لایەنی دەرەكی و وڵاتانی دیكە نادرێت كە پارە بدەنە كاندید و پارتە سیاسییەكانی ناوخۆ، ئەمەش بە روونی لە بڕگەی 2ـی  ماددەی 37ـی یاسای پارتە سیاسییەكانی عێراق بۆ ساڵی 2015ـدا هاتووە، كە قەدەغەی هەر هاوكارییەكی نێردراو لەلایەن كەس و وڵات و لایەنی بیانی بۆ پارتە سیاسییەكانی عێراق دەكات. هەروەها لە زۆرینەی وڵاتان دەزگای تایبەت بە چاودێری پرۆسەی هاوكاریی دارایی بۆ لایەنە سیاسییەكان هەیە بەمەبەستی رێگریكردن لە گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.

خاڵێكی جەوهەری لەوەی كە دەنگدەران هاوكاری لایەن و كاندییدەكانیان بكەن ئەوەیە كە ئەوكات پارت و لایەن و كاندیدەكان پەنا نابەنە بەر پەیداكردنی پارە بەشێوەیەكی گوماناویی بۆ پڕۆسەی بانگەشەكردن و كڕینی دەنگ و بەخشینەوەی دیاری بەسەر خەڵكیدا، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە كە خەرجییەكان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندەكاندا ساڵ بە ساڵ زیاد دەكات، بەهۆی پێشكەوتنی كایەكانی ژیان و هۆكارەكانی ڕاگەیاندنەوە. هەروەها لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم خاڵە ئەوەیە كە دەرفەت دەدرێت بەو كاندید و پارتە سیاسییانەی كە توانایەكی دارایی بەهێزیان نییە كە بتوانن كێبڕكێی بەرامبەرەكانیان بكەن. ئەمە جگە لەوەی كە پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان گەل و نوێنەرەكانیان دروستدەكات و دەبێتە هەوێنی گەشەكردنی رۆشنبیرییەكی قوڵی سیاسی لەلای تاك بە تاكی دەنگدەران.