رەنگە زیرەکی دەستکرد کۆتایی سەردەمی کۆمپانیا گەورەکان بنووسێتەوە

وێنەیەکی دەستکرد کە گوزارشت لە زیرەکی دەستکرد دەکات
وێنەیەکی دەستکرد کە گوزارشت لە زیرەکی دەستکرد دەکات

K24 - هەولێر:

ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەدات کە کۆمپانیا گەورەکان لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە بەشێکی جەوهەری ژیانی ئەمەریکی بوون و ئەمڕۆش زیاتر ئەمەریکییەکان لەم کۆمپانیایانەدا کاردەکەن بە بەراورد بە هاوتا بچووکەکانیان، بەڵام رەنگە ئەو هاوکێشەیە بەشێکی بەهۆی سەرهەڵدانی زیرەکی دەستکردەوە بگۆڕێت.

بۆ نموونە کۆمپانیای مید جۆرنێی کە بەناوبانگترین خزمەتگوزاری بەرهەمهێنانی وێنەیە بە زیرەکی دەستکرد، تەنها 11 کارمەندی هەیە و لەوانەیە لە داهاتوودا کارمەندی زیاتر دابمەزرێنێت، بەڵام ئەمە بە ژمارەیەکی زۆر کەم دادەنرێت لە کۆمپانیایەکدا کە لە بوارەکەیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسراوە.

بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم کارە ئەوەیە کە کارێکی زۆر پەیوەستە بە کۆمپیوتەر و زیرەکی دەستکرد.

ئەگەرچی پێشبینی ناکرێت ئەمە ببێتە هۆی بێکاری بەکۆمەڵ، بەڵام ئەگەر هەندێک کەرت کە پێویستیان بە کاری نوێ هەیە، وەک خزمەتگوزاری کەسی بۆ چاودێری بەساڵاچووان سەرهەڵبدەن، ئەوا بەزۆری ئەو کارانە لە کۆمپانیا بچووک و ناوخۆییەکان دەبن، ئەمەش واتە کەمتر ئەمەریکییەکان لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە دامەزراو دەبن.